دکتۆر بەرهەم ساڵح لەسەر هێرشەكانی كۆرمۆر هاتە دەنگ
  2022-06-25       728       


سەرۆك كۆماری عێراق سەبارەت بەو هێرشەی كە رۆژی شەممە كرایە سەر كێڵگەكانی نەوت و گاز لە كۆرمۆر و هێرشە هاوشێوەكانی رۆژانی رابردوو رایگەیاند، ئامانجی ئەو هێرشانە بەئامانجكردنی سەقامگیریی عێراق و لێدانی ئابووریی نیشتمانییە، بۆیە هیچ بژاردەیەكمان نییە تەنیا بە تووندی رووبەڕووبوونەوەی ئەم هەوڵە تاوانكارییانە نەبێت.

ئاوێنه‌: بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆماری عێراق رۆژی شەممە 25-06-2022 لە هەژماری خۆیدا لە تویتەر رایگەیاند، ئەو هێرشەی كە كرایەسەر كێڵگەكانی نەوت و گاز لە كۆرمۆر و ناوچەكانی دیكە بۆ بەئامانجكردنی سەقامگیریی عێراق و لێدانی ئابووریی نیشتمانییە. هیچ بژارەیەكمان نییە تەنیا بە تووندی رووبەڕووبوونەوەی ئەم هەوڵە تاوانكارییانە نەبێت.

سەرۆك كۆماری عێراق ئاماژەی بەوەش كردووە، پێویستە هەموو لایەنە نیشتمانییەكان پشتیوانیی دەزگا ئەمنییەكان بن بۆ سەپاندنی سەروەریی دەوڵەت و سەروەریی یاسا.

رۆژی شەممە بۆ جاری سێیەم لە ماوەی چەند رۆژێكدا بە مووشەك هێرش كرایە سەر كێڵگەی كۆرمۆر لە شاری چەمچەماڵ و زەنگی ئاگاداركردنەوە لە كێڵگەكە لێدرا لە كاتێكدا، چوارشەممەی رابردوو 22-06-2022 بۆ یەكەمجار بە مووشەك هێرشكرایە سەر كێڵگەی گازی كۆرمۆر لە چەمچەماڵ.

رۆژی هەینی 24-06-2022 جارێكی دیكە بە مووشەك هێرشكرایە سەر كێڵگەی گازی كۆرمۆر.

تاوەكو ئێستاش هیچ لایەن و گرووپێك بەرپرسیارێتیی خۆی لە ئەنجامدانی ئەو هێرشانە رانەگەیاندووە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×