رۆژنامەی سەباح لەبارەى کشانەوەى کۆمپانیا گەورەکانی نەوت لە هەرێم زانیاری نوێ ئاشکرا دەکات
  2022-06-26       789       

رۆژنامەی سەباحی زمانحاڵی حکومەتی عێراق ئاشکرای کرد کە کۆمپانیای بیکەر هیوزی ئەمریکی گەورەی جیهانی کە لە بواری خزمەتگوزارییەکانی کێڵگە نەوتییەکاندا کاردەکات کشانەوەی خۆی لە هەرێمی کوردستان راگەیاندووەو دەشڵێت" کۆمپانیاکە پەیوەست دەبێت بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵییەوە".

ئاوێنە: رۆژنامەی سەباحی فەرمی عێراق ئەمڕۆ یەک شەممە کشانەوەی کۆمپانیاکە دەرگای لەبەردەم دوو کۆمپانیای دیکەی ئەمریکیشدا کردووەتەوە کە ئەوانیش کۆمپانیاکانی هالیبرتن و شلمبرگری ئەمریکی.

نەبیل مەرسومی شارەزای ئابوری بە رۆژنامەکەی راگەیاندوە، ٥٧ گرێبەست لە نێوان کۆمپانیا جیهانییەکان و هەرێمی کوردستدان دا واژۆ کراوە لە ساڵی ٢٠٠٥وە تا ئێستا و بە دەیان لەو کۆمپانیایانە کۆمپانیای بچووک و مامناوەندن و بەشێکیان کۆمپانیای گەورەن.

مەرسومی وتووشیەتى، بەهۆی ئەوەی ململانێ و گرژییەکان لەنێوان هەرێم و فیدڕاڵدا گەیشتووەتە دۆخێکی جدیتر لە جاران، لەدوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی و وەزارەتی نەوتی عێراقەوە کە هەر کۆمپانیایەک مامەڵە لەگەڵ هەرێم بکات لە عێراق دەخرێتە لیستی رەشەوە، ئەو کۆمپانیایانەی لەناوچەکانی دیکەی عێراق کاردەکەن دەکشێنەوە.

لەبارەی کشانەوەی کۆمپانیای بیکەر هیوزەوە ئەو شارەزایە روونیکردوەتەوە کە کۆمپانیاکە پابەندبوونی بەهۆی ئەوەوەیە کە لە کێڵگە نەوتییەکانی غەراف و ناسریە کارێکی زۆر دەکات بە بڕی ٣٧٠ ملیۆن دۆلار.

نەبیل مەرسومی، پێشبینی دەکات جگە لەو دوو کۆمپانیایە، زۆرینەی ئەو كۆمپانیا بیانیانەی كە لە باشور‌و ناوەڕاستی عێراق کاردەکەن، لەترسی بەرژەوەندییەكانیان كۆتایی بە كاركردنی خۆیان لە هەرێمی كوردستان دەهێنن.

پێشتر دادگای فیدراڵی عێراق لە نوسراوێکی فەرمیدا هەموو ئەو کۆمپانیایانەى لە هەرێمى کوردستان لەبواری نەوت کار دەکەن ئاگادار کردوەتەوە کە ئەگەر لە کارەکانیان لە هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت دەخرێنە لیستى رەشەوە.

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×