عەبدولستار مەجید: یەکێتی و پارتی نایەنەوێت پەرلەمان لەم دۆخە هەستیارەدا بە ئەرکی خۆی هەڵسێت
  2022-06-27       382       

عەبدولستار مەجید، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، "لە راستیدا هەردوو هێزی دەسەڵات پارتی و یەکێتی نەیانویستوە و نایانەوێت لەم دۆخە ئاڵۆز و هەستیارەی ئێستا هەرێمی کوردستانی پێدا تێدەپەڕێت، پەرلەمان بە ئەرک و ڕۆڵی خۆی هەستێت."

ئاوێنە: مەجید ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەسەر پشکی کۆمەڵی دادگەری لە پۆستێکدا لە هەژماری فەرمی خۆی لە فەیسبووک رەخنەی تووند لە بەرپرسانی یەکێتی و پارتی دەگرێت و رایگەیاندووە، "سەرنج بدەن هیچ کەس لە هێرشی درۆن و موشەک پارێزراو نیە و ئەم دوو هێزەش کە بۆناوخۆی هەرێم زۆر ئازان، لەبەرمبەر ئەو هەموو سنوور بەزاندن و لەشکرکێشی و بۆردومانەی دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان بێدەنگن و خۆیان وا دەردەخەن کە هیچ دەسەڵاتێکیان نییە".

ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئەمە لە ڕاستیدا دەگەرێتەوە بۆ ئەو جەمسەربەندییەی پارتی و یەکێتی کە هەریەکەیان وابەستەی ئەجێندا و هەژموونی ئێران و تورکیان."

ئەو ئەندام پەرلەمانە لە بەشێكی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت، "لە هیچ شوێنیکی ئەم دونیایە نابینی وەک هەرێمی کوردستان سەروەریی پێشێل بکرێت و خاکی بۆردومان بکرێت، کەچی دەسەڵاتە سیاسییەکەی نە توانای وەڵامدانەوەی هەبێت، نە جورئەتی ڕاگرتن و ناڕەزایی و زۆرجاریش لەئاستی ئەو پێشێلکارییانەدا بێدەنگن و تەنانەت پاساو بۆ داگیرکەرانیش دەهێننەوە ."


هۆشداریش دەدات لەوەی، "ئەم دۆخەی هەرێمی کوردستانی تێکەوتووە ئێجگار مەترسیدار و هەستیارە و ئایندەی هەرێم و خەڵکەکەی بەرەو تونێلکی تاریک بردووە کە ڕەنگە خراپتر لەمەی هەیە رووبدات و بەڕێوەبێت. دەشڵێت، لە کۆتایشدا باجە گەورەکە هاوڵاتیان دەیدەن."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×