پۆلیسی راپەڕین: سلێمان هەڵشۆیی ئازادكرا
  2022-06-27       467       

شۆڕش ئیسماعیل، وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، لە دوێنێوە سلێمان هەڵشۆیی بە کەفالەتی ١٥٥ ملیۆن دینار ئازاد کراوە.

ئاوێنە: شۆڕش ئیسماعیل، وتە بێژی پۆلیسی راپەڕین، ئەمڕۆ(دوشەممە) بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە دوێنێوە سلێمان هەڵشۆیی بە کەفالەتی ١٥٥ ملیۆن دینار کە لەلایەن شەش کەسەوە کەفالەت کراوە، ئازاد کراوە.

ئاماژەی بەوەشدا، سلێمان هەڵشۆیی لەسەر دو کەیس سکاڵای لەسەر تۆمار کرابو، لە هەردو کەیسەکەدا بە کەفالەت ئازاد کراوە.

وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین ئەوەشی خستەڕو، لەسەرەتای دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەکان لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ و سەرەتای ساڵی ٢٠٢١ بە گوێرەی مادەی ٤٥٦ ی یاسای سزادانی عێراقی کەیسێکی هەبو .

وتیشی، لەوکاتەوە تا ئێستا ٩٤ تۆمەتبار دەستگیرکراون و لەو ژمارەیەش ٣٧ کەسییان بە تۆمەتبار مانەوە و ئەوانی دیکە بێ تاوان دەرچون و ئازادکراون.

شۆڕش ئیسماعیل ئەوەشی ئاشکرا کرد، لە ٣٧ کەسەش تەنها سلێمان هەڵشۆیی لە زینداندا مابوەوە و دوێنێ بە بارمتەی دارایی ١٥٥ ملیۆن دینار ئازادکرا کە شەش کەس بونەتە کەفیلی.

وتیشی، ئازادکرانی سلێمان هەڵشۆیی یەکێکە لە رێکارەکانی لێکۆڵینەوە، چونکە هەمو کەس دەتوانێت لەبەردەم دادوەر و پۆلیسی لێکۆڵینەوە بەڵینبدات کە بارمتەکەی پێدەدرێت و ئازاد بکرێت.

شۆڕش ئیسماعیل باسی لەوەشکرد، لیژنەیەک لە سکاڵاکاران پێکهێنرا کە ژمارەیان لە هەزار سکاڵاکار زیاتر بو ، لەبەردەم دادوەر و پۆلیسی لێکۆڵینەوە دانی بەوەدا ناوە کە دەتوانێت بە رێکەوتن لەگەڵ سکاڵاکارەکان دەتوانێت رێبکەوێت و دواتر دادگا هەر بڕیارێک دەر بکات ئامادەیە پێیەو ەپابەندبێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠دا، کەسێک بە ناوی سلێمان هەڵشۆیی لە ناوچەی پشدەری هەرێمی کوردستان دەستگیرکرا، ئەوەش دوای ئەوەی ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی لە بەردەم ماڵەکەیدا کۆبونەوە و رایانگەیاند، کە سەدان هەزار دۆلاریان پێداوە و ئێستا ناتوانێت بیانداتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×