"هیچ مەترسییەک نییە بۆ روبەڕوبونەوەی سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە لە كۆرمۆر"
  2022-06-27       262       

نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە لە ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند، هیچ مەترسییەک نیە بۆ روبەڕوبونەوەی نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە لە کێڵگەی کۆرمۆر.

ئاوێنە: عادل جەبار، نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە لە ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، بە ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، هێزەکانی سوپای عێراق بێ ئاگاداری وەزارەتی پێشمەرگە هەڵمەتێکی کێوماڵکردنیان دەستپێکردبو.

ئەوەشی خستەڕو، لە دوای ئاگادارکردنەوەیان لەلایەن پێشمەرگەوە سوپای عێراق کۆتاییان بە هەڵمەتی کێوماڵەکەیان هێنا.

عادل جەبار، جەختی كردەوە كە "هیچ مەترسییەک نییە بۆ روبەڕوبونەوەی نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە لە کێڵگەی کۆرمۆر."

نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە لە ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق باسی لەوەشکرد، دەنگۆی جوڵەکانی سوپای عێراق لەنزیک کێڵگە نەوتییەکان راست نییە و ئەگەر جوڵە هەبێت دەبێت ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق ئاگادار بێت و پێشمەرگەش لەو ئۆپراسیۆنە نوێنەری هەیە و بەشداری کۆبونەوەکان دەبێت.

ئاماژەی بەوەشدا، ناردنی هێزی زیاتر بۆ هێزەکانی پێشمەرگە لە چەمچەماڵ تەنها ئاڵوگۆڕی هێزەکان بوەو پەیوەندی بە هەبونی گرژیەوە نەبوە.

هەروەها، لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراقیشەوە، عادل جەبار وتی، پەیوەندییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق زۆر باشە و هەماهەنگیەکی توند هەیە لە نێوان ئەو دو هێزە و سوپای عێراقیش بێ پێشمەرگە هیچ بڕیارێک نادەن.

هێمای بۆ ئەوەش كرد، هێزەکانی هاوپەیمانان لە کۆبونەوەکان بەشدارن و رۆڵی باشیان هەیە لە نزیکبونەوەی سوپای عێراق و پێشمەرگە و هاوکاری هەردو هێزەکان دەکەن لە هێرشەکانیان بۆ سەر مۆڵگەکانی چەکدارانی داعش لەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنییان هەیە.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کێ ئەو هێرشانەی کردوەتە سەر کیڵگە و بیرە نەوتەکانی کۆرمۆر، عادل جەبار نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە لە ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق ئەوەی خستەڕو، هێزەکانی پێشمەرگە لەگەڵ سوپای عێراق لیژنەیەکییان پێکهێنا و چونەتە شوێنی روداوەکە و هێشتا لێکۆڵێنەوەکانی لیژنەکە هیچ ئەنجامی نەبوە و عێراق نیگەرانە لەم هێرشانە.

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×