ناوەڕۆكی كۆبونەوەی یەكێتی و چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوپەیمانی عەزم ئاشكراكرا
  2022-06-27       510       

لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی نێوان یەكێتی چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوپەیمانی عەزمدا كە كەمێك لەمەوبەر كۆتایی هات، "یەكلاكردنەوەی پێكهێنانی حكومەت" و "چڕكردنەوەی هەوڵەكان بۆ خێراكردنی پێكهێنانی حكومەتێكی بەهێز" تاوتوێ كراون و جەختیش لە پاراستنی "مافە یاسایی و دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق" كراوەتەوە.

ئاوێنە: نوسینگەی راگەیاندنی هاوپەیمانی عەزم لە راگەیەندراوێكدا وتی، هاوپەیمانی عەزم و چوارچێوەی هەماهەنگی و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئەمڕۆ(دوشەممە)، "كۆبوونەوەیەكی گرنگ"یان لە ماڵی مام جەلال لە بەغدا ئەنجامدا بۆ تاوتوێكردنی پێشهاتە سیاسییەكان و "یەكلاكردنەوەی پێكهێنانی حكومەت."

بەپێی راگەیەندراوەكە، لە كۆبونەوەكەدا "تاوتوێی دوایین پێشهاتەكانی گۆڕەپانی سیاسی و كاركردن لەسەر چڕكردنەوەی هەوڵەكان لەپێناو خێراكردنی پێكهێنانی حكومەتێكی بەهێز كراوە."

لەلایەكی دیكەوە نوسینگەی راگەیاندنی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، "لەو کۆبونەوە گرنگەدا کە بە مەبەستی تاوتوێکردنی دوایین هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عیراق ئەنجامدرا، گفتوگۆ لەبارەی دوایین پێشهاتەکان و یەکخستنی هەوڵەکان بۆپێکهێنانی حکومەتی نوێی عیراق کرا و جەخت لە دروستکردنی حکومەتێکی بەهێز کرایەوە کە توانای زاڵبون بەسەر ئاڵنگارییەکان و تێپەڕاندنی ئاستەنگەکانی هەبێت."

هەروەها لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە"لەدرێژەی کۆبونەوەکەدا داواکرا هەوڵەکان خێرا بکرێن تاوەکو بەزوترین کات حکومەتێکی نیشتمانیی خزمەتگوزار دروستبکرێت کە کار بۆ بونیادنانی داهاتویەکی سەقامگیر بکات و لەهەمو ئاستەکاندا خزمەتگوزاری پێشکەش بکات."

هەروەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە"جەختیش لەوە کرایەوە مافە یاسایی و دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق پارێزراوبن."

 

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×