سەرۆكی دادگای سلێمانی: رێگەنەدرێت هیچ پێشمەرگەو ئاسایش و پۆلیسێك چەك بەرێتەوە ماڵەوە
  2022-06-28       450       

سەرۆكی دادگای سلێمانی، ئەمڕۆ سێشەممە، لە میانی سەردانێكدا بۆ قەزای چەمچەماڵ و كۆبونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی قەزاكە رایگەیاند، پێویستە وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی پێشمەرگە بەهیچ شێوەیەک ڕێگە نەدەن هیچ پێشمەرگەو ئاسایش و پۆلیسێک چەک بەرێتەوە ماڵەوەو تەنها لەکاتی ئەرکدا ڕێگەیان بدەن چەکیان پێبێت.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی دادگای سلێمانی، ئەمرۆ سێشەممە، دادوەر جاسم جەزا جافر هەورامی، سەرۆکی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی سەردانی قائیمقامیەتی قەزای چەمچاڵی کرد و لەگەڵ ڕمک ڕەمەزان قائیمقامی قەزاکەو بەرپرسیارانی ئەمنی قەزاکە کۆبوەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە لەو كۆبونەوەیەكدا گفتوگۆ کرا دەربارەی کێشە و گرفتەکانی ناوچەکە و دۆزینەوەی میکانیزمی گونجاو بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی تاوان و سەرپێچییەکان و چەسپاندنی زیاتری یاسا لە دەڤەرەکە.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە"سەرۆکی دادگا ڕایگەیاند کە بەپێی ئامارەکان زۆرترین کێشەکانی ناوچەکە بەهۆی چەکەوەیە، کە هاوڵاتیان بە شێوەیەکی ئاسان دەستیان دەکەوێت و ژمارەیەکی زۆریان هەڵگری چەکی بێ موڵەتن، داوایکرد کە دادوەران هیچ چاوپۆشیەک لەو کەسانە نەکەن و لەچوارچێوەی یاسادا سزای توندیان بدەن."

هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، سەرۆکی دادگای سلێمانی ڕایگەیاند "پێویستە وەزارەتی ناوخۆ و وەزارتی پێشمەرگە بەهیچ شێوەیەک ڕێگە نەدەن هیچ پێشمەرگە و ئاسایش و پۆلیسێک چەک بەرێتەوە ماڵەوە و تەنها لەکاتی ئەرکدا ڕێگەیان بدەن چەکیان پێبێت."

 

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×