ئامینە کاکە باوە ڕەخنەی توند ئاراسته‌ى سەرۆک وەزیرانی سوید دەکات
  2022-06-29       765       

دواى ئه‌وه‌ى سه‌رۆكایه‌تى كۆمارى توركیا ڕایگه‌یاند، "ئه‌وه‌ى مه‌به‌ستمان له‌سویدو فینلەندا ده‌ستمان كه‌وت"، په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌كه‌ى په‌رله‌مانى سوید هاته‌ده‌نگ‌و ده‌ڵێت:"سوید ڕادەستی داخوازییەکانی تورکیا دەبێت‌و ڕێگەی پێدەدات سیاسەتی دەرەوەی سوید کۆنترۆڵ بکات، لەکاتێکدا تورکیا دەوڵەتێکی دیکتاتۆرێکی ئیسلامییە".

ئاوێنە: له‌په‌یامێكدا بۆ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى سوید، ئامینە کاکە باوە ڕەخنەی توند ئاراسته‌ى سەرۆک وەزیرانی سوید دەگرێت‌و ڕایدەگەیەنێت، ئەستەمە بتوانن بەرەنگاری تیرۆر ببنەوە کاتێک ڕێگەدەدەن بەتیرۆریستێک بڕیاربدات، کە کێ تیرۆرستە!، هەروەها داوا لەوەزارەتی دەرەوەی سوید ده‌كات دەکات، وردەکاریی تەواوی پێبدەن، لەبارەی ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ تورکیاو بەئەندامبوونی سوید لەناتۆ.

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، دوێنێ لەمەدریدی پایتەختی ئیسپانیا هەریەکە لەیێنس ستۆڵتنبێرگ سەرۆکی ناتۆو ساولی نینیستۆ سەرۆکی فینلاندو مەگدەلینا ئەندەرسۆن سەرۆک وەزیرانی سویدو ئەدۆغانی سەرۆک کۆماری دەوڵەتی تورک کۆبوونەوەو ڕێککەوتن لەسەر بەئەندامبوونی سویدو فینلاد لەناتۆ.

کاکەباوە پەرلەمانتاری کورد لەپەرله‌مانى سوید لەهەژماری خۆی لەتۆڕی فەیسبوک نووسیوتی:"سویدو فینلاند مەرجەکانی تورکیایان پەسەندکردووە بەرامبەر بوون بەئەندامیان لەناتۆ، ساولی نینیستۆی سەرۆکی فینلاندیش دەڵێت، هەردوو وڵاتەکە “ڕێگەچارەسەری باش”یان دۆزیوەتەوەو ڕێککەوتوون لەسەر ئاڵوگۆڕی چەک‌و زیادکردنی هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ باسى له‌وه‌شكردووه‌، "سوید ڕادەستی داخوازییەکانی تورکیا دەبێت‌و ڕێگەی پێدەدات سیاسەتی دەرەوەی سوید کۆنترۆڵبکات، لەکاتێکدا تورکیا دەوڵەتێکی دیکتاتۆرێکی ئیسلامییەو ڕێزی بۆ مافەکانی مرۆڤ نییەو لەڕێگەی دەستدرێژییە سەربازییە نایاساییەکانی‌و داگیرکردنی سوریا یاسا نێودەوڵەتییەکانی پێشێلکردووە".

ده‌شڵێت:"جێی نیگەرانییە کە حکومەت بەتەواویی پێچەوانەی هێڵەکانی سیاسیەتی دەرەوە کاردەکات، لەکاتێکدا ئەو سیاسەتە لەگەورەترین ناوەندی بڕیاردانی سوید پشتیوانیی لێکراوە، ئەستەمە بتوانن بەرەنگاری تیرۆر ببنەوە کاتێک ڕێگەدەدەن بەتیرۆریستێک بڕیاربدات، کە کێ تیرۆرستە!".

وه‌كو نوسیویه‌تى:"یەپەگەو یەپەژە شەڕڤانی ئازادین، ئەوان بوون کە جیهانیان لەخەلافەتی داعش ڕزگارکرد، سویدو هەموو وڵاتانیان کردە جێیەکی ئارام بۆ مرۆڤایەتی، ئەوە ژنانی کوردبوون کە پێشەنگیی ئەو خەباتەیان کرد، سوید بەدانوستان لەگەڵ تورکیا خیانەت لەو ژنانە دەکات‌و بەدەستهێنانی ماف بۆ کەمەنەتەوایەتییەکان پشتگوێدەخات".

ئه‌وه‌شى وتووه‌، "هێزە دیموکراسییەکان لەباکووری سوریا بەهەمانشێوە پاڵپشتی ئەمریکاو وڵاتانی دیکەی ناتۆیان هەیە، بەڵام پێدەچێت جێنس ستۆڵتنبێرگ بیری لەم خاڵە نەکردبێتەوە، سیاسەتێک کە هێزی کارکردنی نەبێت بۆ بەدیهێنانی ئاشتیی‌و دیموکراسیی‌و چارەسەرێکی ئاشتەواییانە بۆ داواکارییە ڕەواکانی کورد، ئەوا بەڕاستی سیاسەتێکی تاوانبارو شایەنی بەزەییە".

له‌كۆتاییشدا ئاشكرایكردوه‌، "ئەمڕۆ داواکارییەکی نووسراو پێشکەشی وەزارەتی دەرەوە دەکه‌م‌و داوای وردەکاریی تەواو لەبارەی ڕێککەوتنەکەوە دەکات، پارت‌و ئەندامانی پەرلەمان پێویستە بانگهێشتی وەزیری کاروباری دەرەوە بکەن‌و بیخەنەوەسەر ڕێكاری دروست، هەروەها حکومەت پێوستە بۆ هاوڵاتیانی سوید ڕوونبکاتەوە، بەدیاریکراوی سوید چ دەستکەوتێکی دەبێت لەبوون بەئەندامی ناتۆ!".

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×