دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق رایگەیاند، حاجییەکی عێراقی بەناوی (محەمەد عەبید عەبووسی) لە شاری مەدینە بە جەڵتەی مێشک گیانی لەدەستداوە.
بە گوێرەی دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق، حاجییەکی عێراقی بەناوی محەمەد عەبید عەبووسی تەمەن 60 ساڵ لە شاری مەدینە جەڵتەی مێشک لێیداوە و بۆ چارەسەر گەیەندراوەتە نەخۆشخانە شاری پزیشکی مەلیک سەلمان بن عەبدولعەزیز لە شاری مەدینە، بەڵام گیانی لەدەستداوە.
باس لەوەش کرا، ئەو حاجییەی گیانی لەدەستداوە نیشتەجێی پارێزگای واستە و کەسوکارەکەی داوای گەڕاندنەوەی تەرمەکەیان کردووە بۆ عێراق.
دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق راشیگەیاند، بۆ گەڕاندنەوەی تەرمی حاجیەکە بۆ عێراق ھەموو رێکارێکی پێویست لەگەڵ دەسەڵاتدارانی سعوودیە دەگرێتەبەر.
رۆژی 14ی حوەزیرانی 2022، یەکەم گەشتی حاجییانی عێراق بۆ سعوودیە دەستی پێ کرد و پێشتر دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق رایگەیاندبوو کە 15252 کەس بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج، لە عێراقەوە گەیشتوونەتە سعوودیە.