جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم: زانیاری تەواومان هەیە لەسەر ئەو لایەنەی هێرشەكانی سەر كێڵگەی كۆرمۆری ئەنجامداوە
  2022-06-29       804       

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا رایگەیاند، زانیاری تەواومان هەیە لەسەر ئەو لایەنەی هێرشەكانی سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆری ئەنجامداوەو لێکۆڵینەوەی وردیش کراوە بۆ ئەوەی ڕێکاریان بەرامبەر وەربگیرێت. دەشڵیت: ھێرشە‌كان كراونە‌تە‌ سە‌ر پڕۆژە‌ی فراوانكردنی كێڵگە‌ی کۆرمۆر نەک ئەو بەشەی کە ئێستا غاز بەرهەم دەهێنێت بۆ دابینکردنی پێویستی هاوڵاتییان.

ئاوێنە: ئەمڕۆ چوارشەممە، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەن، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە.

بەپێی راگەیەندراوێكی حكومەتی هەرێم، لە كۆبونەوەكەدا مەسرور بارزانی "باسی لە بابەتی چەند بارەبونەوەی هێرشە تیرۆریستیەکان بۆ سەر خەڵک و ژێرخانی ئابوریی هەرێمی کوردستان لە چەند مانگی ڕابردودا كردو ئاماژەی بەوەدا، ئامانج لە ئەو هێرشانە زیان گەیاندنە بە سەرچاوەی دارایی و ئابوریی هەرێم و پەکخستنی پرۆسەی وەبەرهێنانە لە هەرێم."

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە "ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە ئەرکی خۆیان لە پارێزگاریکردن لە دامەزراوە نیشتیمانیەکانی هەرێم کە سەرچاوەی دابینکردنی موچە و خەرجیە گشتیەکانی هەرێمە جێبەجێ بکەن. ئاشکراشە کە حکومەتی فیدڕاڵی، بە بێ هیچ پاساوێکی قانونی و دەستوریی، هەرێمی کوردستان بێبەش دەکات لە شایستە داراییەکانی کە لە کۆی 26 مانگ، تا ئێستا تەنيا بۆ ماوەی 13 مانگ بڕە پارەیەکی بە ناوی پێشینە کە تەنیا 200 ملیار دینارە ناردوە، لە کاتێکدا سەرجەم پابەندییە داراییەکانی هەرێمیان لە بەشە بودجەکەمان داشکاندوە."

هەروەها بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، "ئەنجومەنی وەزیران دوپاتیکردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەمیشە پابەندبوە بە دەستورو ئامادەیە بۆ ڕێککەوتن لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی و چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستور و شەفافانەش هەمو زانیاریەکانی سەبارەت بە داهات و خەرجیی و قەرز ومیلاکی وەزیفیی، بە ژمارە خستوەتە بەردەم تیمی دیوانی چاودێری دارایی عێراق، بۆیە هیچ چارەسەرێک لە دەرەوەی دەستور قبوڵکراو نییە."

بەپێی راگەیەندراوەكە، ئەنجومەنی وەزیران داوای لە حکومەتی فیدڕاڵیی و وەزارەتی نەوتی عێراق كردوە کە "گوشاریی ناڕەوایان بۆ سەر وەبەرهێنەرانی نێودەوڵەتی بواری نەوت و گاز لە هەرێم ڕابگرن، کە دەبو وەک دەوڵەتی فیدڕاڵیی، پشتیوانی پێشکەوتن و بوژاندنەوەی ئابوری هەرێم بن، نەک گوشاری ناڕەوا بکەن بۆ پەکخستنی ئەو بوژانەوەیە. هەروەها حکومەتی هەرێم بە هەمو شێوەیەک داکۆکی لە شایستە دارایی و مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و بۆ ئەم مەبەستەش، دەستەیەکی یاسایی سەرقاڵیی ئامادەکارییە."

هەر لەوبارەیەوە جێگری سەرۆك وەزیران باسی لەوە کرد کە "زانیاری تەواومان هەیە لەسەر ئەو لایەنەی هێرشەکانی کردوەتە سەر کێڵگەی غازیی کۆرمۆر و لێکۆڵینەوەی وردیش کراوە بۆ ئەوەی ڕێکاریان بەرامبەر وەربگیرێت."

جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم وتیشی"ھێرشە‌كان كراونە‌تە‌ سە‌ر پڕۆژە‌ی فراوانكردنی كێڵگە‌ی کۆرمۆر نەک ئەو بەشەی کە ئێستا غاز بەرهەم دەهێنێت بۆ دابینکردنی پێویستی هاوڵاتییان."

دەقی راگەیەندراوەكە:

ئەمڕۆ چوارشەممە 29 ی حوزەیرانی 2022، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەن، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە.

لە سەرەتای کۆبونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران بەناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری هەردو شەهید، پرۆفیسۆر د. کاوان ئیسماعیل ڕاگری کولێجی یاسا لە زانکۆی سەلاحەددین و پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.ئیدریس حەمە خان مامۆستا لە کۆلیجی ئەندازیاری زانکۆی سەلاحەددین کرد و ئاماژەی بەوەدا، کە وەزارەتی ناوخۆ و دەزگا ئەمنییەکانی ڕاسپاردوە ڕێکاری پێویست وەربگرن لە بەرامبەر ئەم تاوانەو لە هەمانکاتدا ڕاشسپێردراون بە کۆکردنەوەی چەکی بێ مۆڵەت، هەروەها پێویستە دادگاکانیش پەلە بکەن لە ڕێکارە یاسایی و قەزائییەکان بەرامبەر تاوانباران و بەسزا گەیاندنیان، تا تاوانباران ببنە پەند بۆ ئەوانەی بیر لە تاوانی لەم جۆرە دەکەنەوە.

پاشان سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، باسی لە بابەتی چەند بارەبونەوەی هێرشە تیرۆریستیەکان بۆ سەر خەڵک و ژێرخانی ئابوریی هەرێمی کوردستان لە چەند مانگی ڕابردودا كرد، سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا، ئامانج لە ئەو هێرشانە زیان گەیاندنە بە سەرچاوەی دارایی و ئابوریی هەرێم و پەکخستنی پرۆسەی وەبەرهێنانە لە هەرێم، ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە ئەرکی خۆیان لە پارێزگاریکردن لە دامەزراوە نیشتیمانیەکانی هەرێم کە سەرچاوەی دابینکردنی موچە و خەرجیە گشتیەکانی هەرێمە جێبەجێ بکەن. ئاشکراشە کە حکومەتی فیدڕاڵی، بە بێ هیچ پاساوێکی قانونی و دەستوریی، هەرێمی کوردستان بێبەش دەکات لە شایستە داراییەکانی کە لە کۆی 26 مانگ، تا ئێستا تەنيا بۆ ماوەی 13 مانگ بڕە پارەیەکی بە ناوی پێشینە کە تەنیا 200 ملیار دینارە ناردوە، لە کاتێکدا سەرجەم پابەندییە داراییەکانی هەرێمیان لە بەشە بودجەکەمان داشکاندوە.

ئەنجومەنی وەزیران دوپاتیکردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەمیشە پابەندبوە بە دەستورو ئامادەیە بۆ ڕێککەوتن لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی و چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستور و شەفافانەش هەمو زانیاریەکانی سەبارەت بە داهات و خەرجیی و قەرز ومیلاکی وەزیفیی، بە ژمارە خستوەتە بەردەم تیمی دیوانی چاودێری دارایی عێراق، بۆیە هیچ چارەسەرێک لە دەرەوەی دەستور قبوڵکراو نییە.

ئەنجومەنی وەزیران داوا لە حکومەتی فیدڕاڵیی و وەزارەتی نەوت دەکات کە گوشاریی ناڕەوایان بۆ سەر وەبەرهێنەرانی نێودەوڵەتی بواری نەوت و گاز لە هەرێم ڕابگرن، کە دەبو وەک دەوڵەتی فیدڕاڵیی، پشتیوانی پێشکەوتن و بوژاندنەوەی ئابوری هەرێم بن، نەک گوشاری ناڕەوا بکەن بۆ پەکخستنی ئەو بوژانەوەیە. هەروەها حکومەتی هەرێم بە هەمو شێوەیەک داکۆکی لە شایستە دارایی و مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و بۆ ئەم مەبەستەش، دەستەیەکی یاسایی سەرقاڵیی ئامادەکارییە.

دواتر جێگری سەرۆک وەزیران، باسی لەوە کرد کە زانیاری تەواومان هەیە لەسەر ئەو لایەنەی هێرشەکانی کردوەتە سەر کێڵگەی غازیی کۆرمۆر و لێکۆڵینەوەی وردیش کراوە بۆ ئەوەی ڕێکاریان بەرامبەر وەربگیرێت. وتیشی: ھێرشە‌كان كراونە‌تە‌ سە‌ر پڕۆژە‌ی فراوانكردنی كێڵگە‌ی کۆرمۆر نەک ئەو بەشەی کە ئێستا غاز بەرهەم دەهێنێت بۆ دابینکردنی پێویستی هاوڵاتییان.

ئەنجومەنی وەزیران، لە کاتێکدا جەختی لە گرنگیی هەماهەنگيكردن لە گەڵ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و پێدانی زانیاری کردەوە، داواشیکرد دەزگاکانی ڕاگەیاندنی کوردستان، لە ڕوماڵکردنی ڕوداوەکاندا، بەرپرسیارانەو پیشەییانە ڕەفتار بکەن و لە چوارچێوەی ڕێنمایی و ستانداردەکانی ڕۆژنامەوانیی کار بکەن و نەبنە سەکۆیەک بۆ بڵاوکردنەوەی ترس و دڵەڕاوکێ و تۆقاندن و پشێوی و توندوتیژی و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی .

بڕگەیەکی دیکەی کۆبونەوەکە، بریتی بو لە خستنەڕوی ڕونکردنەوەی پێویست لەبارەی گەڵاڵەکردنی ڕەشنوسی پڕۆژە یاسای بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2022 کە لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە، داوای ڕونکردنەوە لە ئەنجومەنی وەزیران کرابو.

وەزیرە پەیوەندیدارەکان، ڕونکردنەوەی پێویستیان لە بارەی هۆکارەکانی نەناردنی پڕۆژە یاسای بودجە بۆ پەرلەمانی کوردستان خستەڕو،  ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری لە دوتوێی ڕاپۆرتێکدا، ئاماژەی بە هەوڵی وەزارەتەکەیان و وەزارەتی پلاندانان دا بۆ گەڵاڵەکردنی پڕۆژە بودجەی هەرێم کە لە پێشەنگی هێڵە گشتیەکانی بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەم بوە. وەزیری دارایی و ئابوری ئاماژەی بەوەدا بەوپێیەی یاسای بودجەی فیدڕاڵیی کاریگەری دەبێت لەسەر بودجەی هەرێم و ئەمساڵ حکومەتی فیدڕاڵیش تا ئێستا یاسای بودجەی نییە، ئەمەش وای کردوە کە تا ئێستا پڕۆژە یاسای بودجەی هەرێم، وەک ڕەشنوس بمێنێتەوە، هەرچەندە لە ڕوی بەشی داهات و خەرجییە گشتیەکانی ناو پڕۆژە بودجە کاری جدیی کراوە، بە تایبەتیش کە تیمێکی هاوبەشی چاودێری دارایی هەرێم و بەغدا بۆ یەکەمجار ئەو خەرجیيانەیان وردبینی کردوە. ئەنجومەنی وەزیران، وێڕای دەستخۆشی لە وەزارەتی دارایی و ئابوری و پلاندانان و وەزارەتەکانی دیکەو ئاماژەدان بە گرنگیی و بایەخیی یاسای بودجە بۆ خستنەڕوی تەواوی داهات و خەرجیی، قەرز و پابەندییە داراییەکان و میلاکی وەزیفی، بڕیاریدا پەرلەمانی کوردستان، لەو ڕاپۆرتە ئاگاداربکاتەوە کە لە لایەن وەزارەتی دارایی پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیران کرا.

لە بڕگەی کۆتاییدا، ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی دەربارەی پێشنیاری وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی کرد کە تایبەت بو بە دانانی چەند ڕێکارو پێوەرێک لە لایەن وەزارەتەکان لە پێناو ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسانی کارو پیشە لە کەرتی تایبەت بۆ دەرچوانی دانەمەزراوی زانکۆ و پەیمانگاکان، بە جۆرێک وابکرێت دەرفەتەکانی کارکردن بەشێوەیەکی یەکسان دابەش بکرێت کە ڕێگە بگیرێت لەوەی کەسێک سودی زیاتر لە یەک دەرفەتی کار وەرگرتوە و ژمارەیەکی زۆریش لە هاوڵاتییانی دەرچوی زانکۆ و پەیمانگاکان بێکارن و هیچ دەرفەتێکی کاریان لە کەرتی تایبەت بۆ نەڕەخساوە، ئەم بابەتە لە لایەن کوێستان محەمەد وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی خرایەڕو. ئەنجومەنی وەزیران بە ئاراستەی پشتیوانی لە هەر بیرۆکە وپڕۆژە و ڕێکار و کارئاسانییەک کە ببێتەهۆی ڕەخساندنی دەرفەتی کار و پیشە بۆ هاوڵاتیان بە تایبەتی دەرچوانی دانەمەزراوی زانکۆ و پەیمانگاکان لە کەرتی تایبەت، بڕیاردرا کە پێشنیاری وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی لە چوارچێوەی یاسای ژمارە 14ی ساڵی 1991 مامەڵە بکرێت و وەزیرەکان، ڕاسپێردران دەسەڵاتی خۆیان کە لەو یاسایە ئاماژەی پێدراوە، بەو ئاراستەیە بەکاربهێنن کە هەلی کار بە یەکسانی برەخسێنرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×