فراكسیۆنی یەكێتی: لەگەڵ پارێزگاری كەركوك کۆبوینەوەو بڕیارەکەیمان هەڵوەشاندەوە
  2022-07-04       427       

نوێنەرانی كەركوك لەفراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی عێراق، دوای بڕیارەكەی ركان جبوری، پارێزگاری كەركوك لەبارەی جەردكردنی كارتی نیشتەجێبوون و فۆڕمی خۆراك و بەستنەوەی بەشوێنی نیشتەجێبوون، لەگەڵ ناوبراو كۆبونەتەوەو بڕیارەكەیان هەڵوەشاندۆتەوە.

ئاوێنە: نوێنەرانی كەركوك لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەرلەمانی عیراق لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكەی راكان جبوری پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت، ئەمڕۆ دوشەممە، لە رونكردنەوەیەكدا رایانگەیاند: "دوای ئەوەی نوسراوێكی نایاسایی پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت بڵاوكرایەوە لەبارەی جەردكردنی كارتی نیشتەجێبون و فۆڕمی خۆراك و بەستنەوەی بەشوێنی نیشتەجێبون یان كرێنیشینی لەخانوێكی تاپۆوە، ئەمڕۆ وەك نوێنەرانی كەركوك لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەرلەمانی عیراق لەگەڵ راكان جبوری، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت كۆبوینەوەو بڕیارەكەمان هەڵوەشاندەوە."

وتوشیانە"پێمانوایە ئامانجی ئەو بڕیارە تەعریبكردنەوەی كەركوكە نەك پاراستنی دۆخی ئەمنی پارێزگاكە."

نوێنەرانی كەركوك لە فراكسیۆنی یەكێتی وتوشیانە"جێگەی خۆیەتی سوپاسی حاكم سالار عەبدولستار وەزیری دادی عیراق بكەین كە دوای پەیوەندیكردنی بە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق لەبارەی كارپێنەكردنی بڕیارەكە دڵنیای كردینەوە."

ئەو پەرلەمانتارانەی یەكێتی دڵنیاییان داوەتە هاوڵاتیانی شاری كەركوك كە "هەر بڕیارێكی شۆڤێنی بدرێت و كاریگەری لەسەر پێكەوە ژیانی ئاشتیانەی پێكهاتە رەسەنەكانی شاری كەركوك هەبێت لای ئێمە رەتدەكرێتەوەو كاری پێناكرێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×