دەستەی وەبەرهێنانی هەرێم رایگەیاند، کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەلێر، ئەمڕۆ دوشەممە، پێشنیاری کردنەوەی زانکۆی لەندەنی ئاڕاستەی سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان كرد کە لەلایەن وەبەرھێنەرێکەوە داوا کراوە لە ھەولێر بکرێتەوە.
ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێم، ئەمڕۆ سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان، پێشوازی لە دەیڤید ھەنت، کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە ھەولێر کردو "تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و لەندەن کرا، لەبواری وەبەرھێنان و بازرگانیدا".
بەپێی راگەیەندراوەكە، "کونسوڵی بەریتانیا پێشنیاری کردنەوەی زانکۆی لەندەنی ئاڕاستەی سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان کرد کە لەلایەن وەبەرھێنەرێکی کوردستانەوە داوا کراوە لە ھەولێر بکرێتەوە."
هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، كونسوڵی گشتی بەریتانیا ئاماژەی بەوە داوە "زانکۆکە دەبێتە گەورەترین ناوەند لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست."
هەروەها سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان، "ھەنگاوەکەی کونوسڵی بەریتانیاو لایەنی جێبەجێکاری بە گرنگ و پێویست" ناوبردوەو "بەتایبەتی وەبەرھێنانی بەریتانییەکان لە سێکتەری پەروەردە و خوێندندا"و راشیگەیاندوە، "ھەمو ھەوڵێک دەدەن بۆ تەرخانکردنی زەوی و پێدانی مۆڵەت و کارکردن بۆ سەرخستنی پڕۆژەکە."
سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان هێمای بۆ ئەوەش كرد"بەگشتی زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان لەئاستێکی زۆر باشن و ھەبونی زانکۆی براند لە کوردستان پێویستەو ئامانجی کابینەی نۆیەم گرنگیدانی زیاترە بەو سێکتەرە."
زانکۆی لەندەن لە ساڵی ١٨٣٠ دامەزراوەو یەکێکە لە گەورەترین و ١٠ باشترین زانکۆکان لە بەریتانیا.