مەسرور بارزانی: هەرێم لەژێر هیچ فشارێكدا دەستبەرداری مافە دەستورییەكانی نابێت
  2022-07-05       365       

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە، لە كۆبونەوەیدا لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق رایگەیاند"هەرێمی کوردستان، ئامادە نییە لە ژێر هیچ فشار و بارودۆخێکدا، دەستبەرداری مافە دەستورییەکانی ببێت."

ئاوێنە:ئەمڕۆ سێشەممە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئەلینا رۆمەناوسکی باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق کرد.

حكومەتی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا لەبارەی كۆبونەوەكە رایگەیاند"لە کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی کرا."

بەپێی راگەیەندراوەكە "سەرۆکی حکومەت دوپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان، هەمیشە ئامادە بوە کێشە هەڵپەسپێردراوەکانی لە گەڵ بەغدا، لە سەر بنەمای دەستور چارەسەر بکات، بەڵام ئامادە نییە لە ژێر هیچ فشار و بارودۆخێکدا، دەستبەرداری مافە دەستورییەکانی ببێت."

مەسرور بارزانی وتوشیەتی"پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان، لە بەرژەوەندی هەمو هاوڵاتییانی عێراقدایەو پێویستە حکومەتی فیدراڵی، هاوکارو پشتیوانی پێشکەوتنی هەر ناوچەیەکی عێراق بێت، نەک ئاستەنگ و کێشە دروست بکات."

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە"باڵیۆزی ئەمەریکا وێڕای ئاماژەدان بەوەی هەرێمی کوردستان دۆست و هاوپەیمانێکی بەهێزی ئەمەریکایە، جەختی لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لە سەر بنەمای دەستور کردەوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×