مەلا بەختیار: كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، تاكە كاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی نییە
  2022-07-05       1199       

مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی رایگەیاند: هەتا سەدر لە پرۆسەکە نەکشابوەوە، چوارچێوەی هەماهەنگی، پشتیوانی کاندیدی یەکێتیان بۆ سەرۆك کۆمار دەکرد. بەڵام ئێستا "تاکە کاندیدی پشتیوانی لێکراوی سەرۆك کۆمار، کاندیدی لای چوارچێوە، یەکێتی نییە."

ئاوێنە: مەلا بەختیار، ئەمڕۆ(سێشەممە) لە وتارێكدا لەبارەی راگەیەندراوەكەی دوێنێی چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاند"لە راگەیەندراوەکەیاندا، پەیامێکیان ئاڕاستەی یەکێتی و پارتی کردوە، هەتا کاندیدی سەرۆك کۆمار یەکلابکەنەوە. ئەم پەیامە، بەشێوەیەکی گشتی، پەرۆشی چوارچێوەکە بۆ چارەسەری کێشەکان دەگەیەنێ، بەڵام ژێر دێڕی پەیامەکە، سەرسوڕهێنەرە. بۆ؟"

هەروەها وتوشیەتی"چونکە هەتا سەماحەتی سەدر لە پرۆسەکە نەکشابوەوە، چوارچێوە، پشتیوانی کاندیدی یەکێتیان بۆ سەرۆك کۆمار دەکرد. ئێستا کە بەرە سێقۆڵیەکەی سەدرییەکان و پارتی و سوننە، تێكچوە، چەند رۆژێك دیمەنە سیاسییەکە وادەبینرا گوایە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئیتر سەرکەوت و لە کوردستانیشدا، یەکێتی دەیباتەوە، بەڵام بەرەبەرە، دیمەنەکە هەڵگێڕدرا."

ئەوەشی خستۆتەڕو، ئێستا  "پارتی لەسەر کاندیدی خۆی سورە. یەکێتیش کاندید ناگۆڕێ؛ سەدرییەکانیش لەسەر هێڵی سوری ناکۆکییەکان گوڕیان بەستوە. لە بەرامبەردا چوارچێوە تێگەیشتن، ئیسقانەکە لە چەندین لاوە دڕکی هەیە. بۆیە، بەرەبەرە زۆربەی چوارچێوە، ئاڕاستەی سیاسەتیان گۆڕی."

بەقسەی مەلا بەختیار، "لیستی نەسر و بیت الحکمة، لە دژواری دۆخەکە کشانەوەو ئامادە نین ببنە بەشێکی کابینەی چوارچێوە؛ هادی عامریش ناکۆکی لەتەك مالیکی هەیەو هێشتا کاندیدێکیان بۆ سەرۆك وەزیران بەتەنها نییە. هەمو لایەکیشیان نەیانتوانی، کاندیدی یەکێتی بکەنە سەرۆك. بۆیە، ناچاربون، پەیامێك بڵاوبکەنەوەو کێشەی یەکلایی کردنەوەکە بخەنە گەروی کورد. ئەمە لە کاتێكدا، لە بنجینەدا، کێشەی قوڵ بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران لە هەناوی شیعەکاندایە."

بە بڕوای مەلا بەختیار ئەو پەیامەی چوارچێوە بۆ کورد، کە کاندیدی سەرۆك کۆمار لەناو یەکێتی و پارتی ساغ بکەنەوە، "لایەنی کەم والێكدەدرێتەوە: یەکەم: تاکە کاندیدی پشتیوانی لێکراوی سەرۆك کۆمار، کاندیدی لای چوارچێوە یەکێتی نییە. دوەم: بە هەمو ئاڵوگۆرەکانەوە، لە ناو کورسیەکانی پەرلەمان، چوارچێوە هێشتا ناتوانێ (٢٢٠) کورسی بۆ سەرۆک کۆمار دەستەبەر بکات. بۆیە لەگەڵ پارتی نەرمی دەنوێنن، هەتا پارتی و سوننەکان رابکێشن! سێیەمیش: هەمو لایەکیان نیگەرانن، کە لەدوای ١٥/٧ رەوتی سەدر، لە مەدینەی سەدر، نەیقەومێنێ."

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×