وەزیری دارایی هەرێم: داهات زیادی كردوەو لەبارەی موچەوە هەواڵی خۆش بەڕێوەیە
  2022-07-05       792       

ئاوات شێخ جەناب، وەزیرى دارایی هەرێم رایگەیاند، داهاتی هەرێمی كوردستان زیادی كردوە لەکۆبونەوەى سبەی چوارشەممەى ئەنجومەنى وەزیراندا بڕیارى گرنگ دەدرێن کە راستەوخۆ پەیوەندیان بە چارەنوسى موچەوە هەیە و "هەواڵى خۆش" بەڕێوەیە.

ئاوێنە: ئاوات شێخ جەناب، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیاى رەسمی حزبەکەى رایگەیاند، داهات بەگشتی لە هەرێمی كوردستان زیادی كردووە، دوایین داهاتی نەوتی مانگانە كە هاتۆتە وەزارەتی دارایی 720 ملیار دینار بووەو داهاتی نانەوتیش وەك تێكڕای ئەم چەند مانگەی دوایی گەیشتۆتە 287 ملیار دینار. ئەم دو داهاتە بەراورد بە ساڵانی رابردو زیادیان كردوە.

لەگەڵ ئەوەش وتی، ئەم داهاتەی هەیە لە ئاستی تموحدا نییە، هەرێم دەتوانێت داهاتی نانەوتی زیاتر بكات. دەبێت ئەو دامەزراوانەی حكومەت كە پەیوەنددارن بە كۆكردنەوەی داهات چالاكتر بكرێن. ئەو دامەزراوانە بەیەك ئاست كارناكەن، كۆكردنەوەی داهات لە هەولێرو دهۆك باشە لە هەندێك شوێنی وەك سلێمانی خراپە، هەندێك رێكارمان گرتونەتەبەر بۆ زیادكردن و چالاككردنی كۆكردنەوەی داهاتەكان.

وتیشی، دوێنێ لەگەڵ جێگرى سەرۆکى حکومەت کۆبوونەتەوە بۆ زیادکردنى داهاتى سلێمانى و رێکارى نوێ دەگرنەبەر لەو بارەیەوە، لەوانە ئاسایش و پۆلیس دەستوەردان لە کاروبارى گومرگى نەکەن.

 ئاوات شێخ جەناب باسى لەوەشکردووە، پاشەکەوتى موچەیان کردووەتە قەرز بەسەر حکومەتەوە و دەبێت بدرێتەوە "بەڵام لەکاتى پاکتاوکردنى قەرزەکان لەگەڵ بەغدا بەدڵنیاییەوە قەرزەکانى خەڵکیش وەردەگیرێتەوە." 

ئەوەشی خستۆتەڕوو، ئێستا "نزیكەی لەسەدا 50ی داهاتی نەوت دێتە وەزارەتی دارایی."

ئاماژەی بەوەشداوە كە "ئەتوانم بڵێم لەم كابینەیەدا قەرزمان نەكردووە بۆ موچە، سەرەڕای ئەوەش لەڕێگەی داهاتی نەوتەوە توانیومانە لەسەروو ملیارێك دیناریش قەرز بدەینەوە بە كۆمپانیاكان."

سەبارەت بە پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران وتی"كاتێك كێشەی پشتبەستن بە خۆمان چارەسەركرد، ئەو كاتە دەتوانین بگەڕێینەوە سەر بابەتی پلەبەرزكردنەوەو شایستە داراییەكانی دیكە خەڵك. ئێمە دەبێت ئەو كەموكوڕییەی عێراق بۆی دروست كردوین، پڕی بكەینەوە. ئێستا ئێمە بۆ ئەوەی كێشەكەمان چارەسەر ببێت و ئەو كەموكوڕییە پڕببێتەوە، 120 ملیۆن دۆلاری مانگانەمان پێویستە. ئەگەر ئەو 120 ملیۆن دۆلارە پڕبكەینەوە لەژێر گوشاری عێراق دەردەچین و ئینجا دەكەوینە سەر ئەوەی پلە بەرزكردنەوەو دەرماڵەو شتەكانی تر چاك بكەین."

 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×