ده‌سته‌ی باڵای حه‌ج و عومره له عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایدەکات، مه‌رجی ته‌مه‌ن كه بۆ وه‌رزی ئه‌مساڵی سه‌ردانی ماڵی خودا دیاریكرابوو، بۆ ساڵی داهاتوو نامێنێت.
ئاوێنە: ئەمرۆ چوارشەممە 6ـی تەمووزی 2022، سامی مه‌سعودی، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌ج و عومره لە لێدوانێکیدا دووپاتیكردووەتەوە، "كه‌مكردنه‌وه‌ی ژماره‌ی زیاره‌تكارانی ماڵی خودا بۆ ئه‌مساڵ به بڕیاری عه‌ره‌بستانی سعوودییه بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دەیانەوێت وه‌رزی ئه‌مساڵی حه‌ج ته‌نها وه‌ك تاقیكردنه‌وه‌یه‌ك بێت دوای كرانه‌وه‌ی رێكاره‌كانی په‌تای كۆرۆنا".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئه‌و بڕیاره‌ی سعوودیه ته‌واوی وڵاتانی جیهانی گرتووه‌ته‌وه، بۆ ئه‌مساڵ ژماره‌ی زیاره‌تكارانی ماڵی خودا له سه‌رانسه‌ری جیهان ته‌نها یه‌ك ملیۆن كه‌س بووه".
سامی مەسعودی دەشڵێت، سعوودیه بۆ وه‌رزی ئه‌مساڵی حه‌ج ته‌مه‌نی 64 ساڵ به‌ره‌و خواره‌وه‌ی د‌یاریكردبوو و پشكی عێراقیش ته‌نها به 16 هه‌زار زیاره‌تكار د‌یاریكردبوو، بەڵام بۆ ساڵی داهاتوو ئەوە نامێنێت.