ڕاپۆرتێکی ئەوروپی زانیارییهكى گرنگ لهبارهى كشانهوهى موقتهدا سەدر لهپرۆسهى سیاسیی ئاشكرادهكاتو ڕایدهگهیهنێت، "لەترسیی تیرۆرکردن كشاوهتهوه".
ئاوێنه: پێگەی "جی ئێس ئێس ڕیپۆرتس" کە بارەگاکەی لەمیرنشینی لیختنشتاینە دەڵێت:"کشانەوەی موقتەدا سەدر لەپڕۆسەی سیاسیی لەترسیی تیرۆرکردنی بووە لەلایەن ئێرانەوە".
ڕاپۆرتهكه پێیوایە، دەستلەکارکێشانەوەی پەڕلەمانتارانی ڕەوتی سەدر سەرکەوتنی ئێرانە لەعێراقو تاران مێزەکەی بەسەر نەیارەکانیدا هەڵگێڕاوەتەوە.
لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەوەکراوە، هەرچەندە ئێران لەیەکخستنی ناوماڵی شیعەدا شکستیهێنا، بەڵام لەپەکخستنی پەرلەمانو هەڵگێڕانەوەی مێزەکە بەسەر سەدرو هاوپەیمانەکانیدا سەرکەوتوو بوو، بێئەوەی هیچ پێویست بەهەنگاونان بەرەو هەڵبژاردنێکی تری پێشوەختە بکات.
ڕاپۆرتەکە باسی لەوەکردووە، لەماوەی ڕابردوودا ئێران لەڕێگهی ناردنی چەندین پەیامەوە گوشاری لەپارتی کردووە بۆئەوەی لەڕەوتی سەدر دوربکەوێتەوە، وەک موشەکبارانکردنی ماڵی شێخ بازو سوتاندنی لقی پارتی لەبەغداو موشەکبارانکردنی پاڵاوگەی نەوت لەنزیک هەولێرو دوو هێرش بۆسەر چەند دامەزراوەیەکی سەر بەکۆمپانیای کار، بەڵام هەموو ئەوانە پارتییان لەبەشدارییکردن لەهاوپەیمانی سێقۆڵی ساردنەکردەوە.
سەبارەت بەهۆکارەکانی پشت دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتارانی ڕەوتی سەدر، ڕاپۆرتەکە دەڵێت:"سێ لێکدانەوەی لۆژیکی بۆ ئەو هەنگاوەی سەدر هەیە کە یەکێکیان ئەوەیە سەدر پێیوابووە قەیرانی چەقبەستوویی سیاسیی هیچ چارەسەرێکی نییە، بۆیە ئەوەی بەباشتر زانیوە ئێران کۆنترۆڵی گۆڕەپانی سیاسیی عێراق بکات لەجیاتی ئەوەی ئاژاوەو بێسەرەوبەرەیی دروستبێت".
هەرچی لێکدانەوەی دووەمە بەپێی ڕاپۆرتەکە ئەوەیە کە سەدر ویستوویەتی ئاژاوە دروستبکات، بەوپێیەی گومانی وابووە دوای کشانەوەی پەڕلەمانتارانەی ڕەوتەکەی، لایەنەکانی تریش دەستلەکاردەکێشنەوە، بۆیە بەناچاریی هەڵبژاردنێکی نوێ بەڕێوەدەچێت یاخود گەنجانی توڕەی شیعە جارێکی تر خۆپیشاندان دەکەنەوە، بەتایبەت ئەگەرهاتو فەرمانی ئەوەی بەلایەنگرەکانی کرد.
سێیەم لێکدانەوە بۆ هۆکاری کشانەوەی سەدر لەپڕۆسەی سیاسیی ترس بووە لەتیرۆرکردنی لەلایەن ئێرانەوە، بەتایبەت دوای ئەزموونی تیرۆرکردنەکانی هیشام هاشمیو هەوڵی تیرۆرکردنی مستەفا کازمی لەنۆڤەمبەری ساڵی 2021. وتوشیەتی:"سەدر پێیوابووە ڕەنگە ئێران ئەوە لەگەڵ ئەویشدا بکات".