بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ خەرجی بەرهەمهێنانی ئاو لە پێنج مانگی ئەمساڵدا ئاشكراده‌كات
  2022-07-06       332       

بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رایگه‌یاند، ته‌نها لەماوه‌ی پێنج مانگی ئەمساڵدا خەرجییەكانی پڕۆسەی بەرهەمهێنانی ئاوی خاوێن لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستاندا 45 ملیار و 694 ملیۆن دینار بوە.

ئاوێنه‌: ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار زانیاری لەبارەی خەرجییەكان و داهاتی ئاو لە ماوەی پێنج مانگی ساڵی 2022 رایگه‌یاند، خەرجییەکانی بەرهەمهێنانی ئاو لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان ته‌نها لە ماوەی پێنج مانگی ئەمساڵدا زیاتر لە 45 ملیار و 694 ملیۆن دینار بوە، هه‌روه‌ها داهاتی ئاو له‌ ماوەی پێنج مانگی ئەمساڵدا زیاتر لە 21 ملیار و 206 ملیۆن دینار بوە، كە نرخی یەک مەتر سێجا ئاویش 510  دینارە.

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ پرۆسەی بەرهەمێنان و دابەشكردنی ئاوی خواردنەوە بەڕێوە دەبات، به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش، لەپێناو ڕێگریكردن لە گرفتی كەمئاویش، "بە بەردەوامی پڕۆژەكانی ئاو لە هەرێمی كوردستان نۆژەن دەكرێنەوە "و ساڵانەش بە گوێرەی پلان پڕۆژەی نوێ جێبەجێ دەكرێت، هەروەها بیرەكانی ئاویش نۆژەن دەكرێنەوە.

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت، ساڵانه‌ بیری نوێ لەو شوێنانەی كە پێویستە لێدەدرێت، لەگەڵ ئەوەشدا تۆڕەكانی ئاوی خواردنەوە پێویستیان بە نۆژەن هەیە، بەهۆی فراوانبونی شار و شارۆچكەكانیش پڤۆژەی نوێی دروستكردنی تۆڕی ئاو جێبەجێ دەكرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×