ناوەڕۆكی كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم
  2022-07-06       299       

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە كۆبونەوەی ئەمڕۆیدا، پڕۆژە یاسای کاری پەسەندكردو ڕاپۆرتی دارایی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵیشی تاوتوێ کرد و دەشڵێت: بە هیچ شێوەیەک، دەستبەرداری ماف و شایستە دەستورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان نابین و ملکەچی هیچ فشار و هەڕەشەیەکی حکومەتی فیدراڵیش نابین کە دەیەوێت مافەکانی خەڵکی کوردستان پێشێل بکات."

ئاوێنە: ئەمڕۆ چوارشەممە، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەن، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە.

حكومەتی هەرێمی كوردستان كەمێك لەمەوبەر، لە راگەیەندراوێكدا ناوەڕۆكی كۆبونەوەكەی خستۆتەڕو كە ئەمە دەقەكەیەتی:

ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژە یاسای نوێی کاری پەسەند کرد و ڕاپۆرتی دارایی شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2022 تاوتوێ کرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە 6 ی تەمموزی 2022 ، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەن، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە.

بڕگەی یەکەمی کۆبونەوەکە، بریتی بو لە خستنەڕوی ڕاپۆرتی وەزارەتی ناوخۆ  لە لایەن ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ سەبارەت بە بەرەوپێشچون و ڕێوشوێنی جێبەجێکردنی فەرمانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە داخستنی شوێنەکانی فرۆشتنی چەک و دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێ مۆڵەت لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.

وەزیری ناوخۆ وردەکاری پێوبستی سەبارەت بە ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی فەرمانەکە بۆ نەهێشتنی چەکی بێ مۆڵەت، بۆ ئەنجومەنی وەزیران خستەڕو. وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بە هەنگاوەکانی وەزارەت دا بۆ جێبەجێکردنی یاسای نوێی چەک لە هەرێمی کوردستان ژمارە 2 ی ساڵی 2022 و بڕگەکانی ڕەشنوسی ئەو ڕێنماییانەشی خستەڕو کەوا بڕیارە وەزارەتەکەیان دەری بکات بۆ ئاسانکاریی جێبەجێکردنی یاسای نوێی چەک بە ئاڕاستەی داماڵینی چەکی بێ مۆڵەت و ڕێکخستنەوەی مۆڵەتپێدان و بەرگرتن لەو توندوتیژیانەی بەهۆی چەکەوە ڕودەدەن.

سەرۆک وەزیران جەختی لەوە کردەوە کە دەبێ بە هەمو شێوەیەک، ڕوبەڕوی تاوانکاران ببینەوە و کۆتایی بە دیاردەی چەکهەڵگرتن لە دەرەوەی یاسا و بەبێ مۆڵەت بهێنین، بۆ ئەوەی سنورێک بۆ تاوانکاری و توندوتیژی دابنرێت.

لە بڕگەی دوەمی کۆبونەوەدا، ڕەشنوسی پڕۆژە یاسای نوێی کار، لە لایەن کوێستان محەمەد وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵاتی خرایەڕو.

سەرۆک وەزبران، وێڕای دەستخۆشیکردن لە وەزارەتی کارو و کاروباری کۆمەڵاتی و هەمو وەزارەت و لایەنە بەشداربوەکان لە ئامادەکردنی پڕۆژە یاسایەکە، ئاماژەی بە گرنگیی هەبونی ئەم پڕۆژە یاسایە کرد کە یەکێک بو لە هێڵە گشتیەکانی بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەم،  بە ئامانجی ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی کار لە نێوان کرێکاران و خاوەنکاران، لەسەر بنەمای نوێ و پاراستنی مافەکانی هەر یەکێکیان و مافەکانی مرۆڤ بەگشتی و یەکسانی ڕەگەزی و بە تایبەتی پاراستنی مافی کرێکاران و تەندروستی و سەلامەتی پیشەییان و پەرەپێدانی کەرتی تایبەت و ڕەخساندنی هەلی کاری زیاتر  و جێگرتنەوەی کرێکارانی بیانی بە دەستی کاری ناوخۆیی و داڕشتنەوەی یاساکە لەسەر پێوەرە هاوچەرخەکانی نێودەوڵەتی، لە کاتێکدا یاساکەی ئێستا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی هەشتاکانی سەدەی پێشو، کە لەسەر بنەمای مەرکەزییەت داڕێژراوە و هێنانەکایەی ئەم یاسا نوێیە، پێویستیەکی حەتمی بو بۆ قۆناغی ئێستا.

سەبارەت بە گرنگی پڕۆژە یاسای کار، جێگری سەرۆک وەزیران کە سەرپەرشتی لیژنەی وەزاریی ئامادەکردنی ئەم پڕۆژە یاسایەی دەکرد، سوپاسی وەزارەتی کارو  کاروباری کۆمەڵایەتی و وەزارەتی پلاندانان و هەمو ئەو لایەنانەی کە بەشداربون لە داڕشتنی ئەم یاسایە کرد و گوتی، ئەم یاسایە یەکێکە لە یاسا هەرە گرنگەکان و یاسایەکی سەردەمیانەیە و کۆڵەکەی برەودانە بە ئابوریی و بازاڕ وکەرتی تایبەت و بەهاوکاری ڕێکخراوی جیهانی کارو پشت بەست بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان داڕێژراوەو هەمو بنەماکانی مافی مرۆڤ و یەکسانی رەگەزی تێدا پارێزراوە. گوتیشی: لەڕێی ئەم یاسایەوە، بەشێوازێکی ڕێکخراوتر و باشتر مامەڵە لەگەڵ کرێکاری بیانی دەکرێت و مافەکانیان پارێزراوتر دەبێت لەگەڵ رەچاوکردنی مافەکانی کرێکاری خۆماڵی لە پرسی دابینکردنی هەلی کار بۆ دەستی کاری خۆماڵی و رێکخستنی گرێبەستی کار و کاتەکانی دەوام کردن و مۆڵەت وەرگرتن، بەتایبەتیش مافی منداڵ و ژن پارێزراوتر دەبێت. هەروەها ئاماژەیدا بە ڕەشنوسی پڕۆژە یاسای خانەنشینی و بیمەی کۆمەڵایەتی کە تەواوکاریی یاسای کارە و کاری باشی لەسەرکراوە و لە داهاتویەکی نزیکدا، لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت.

ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ پڕۆژە یاسای نوێی کاری پەسەند کرد و ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان کرا بۆ تەشریعکردنی.

بڕگەی سێیەم، تایبەت بو بە خستنەڕوی پوختەی ڕاپۆرتی دارایی هەرێم بۆ شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2022 سەبارەت بە داهاتی نەوتی و نانەوتی و خەرجییەکانی (بەکاربردن، پڕۆژەکانی وەبەرهێنان ، خەرجییەکانی نەوت و گاز ، پشتیوانیی حکومەتی هەرێم بۆ دابینکردنی سوتەمەنی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و کڕینەوەی وزە لەو وێستگانەی کەرتی تایبەت لە بواری کارەبا و دابینکردنی بەنزین بە نرخی پاڵپشتی)، هەروەها قەرزەکانی پەیوەندیدار بەنەوت. ئەم بابەتانە لە لایەن ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری و ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەن و کەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت خرایەڕو.

ئاماژە بەوە درا کە وێڕای ئەوەی کابینەی نۆیەم توانیویەتی لە داهاتی نەوت پارەی پێویست بۆ موچەی تەواوی شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2022ی دابین بکات کە خەرجیی تێکڕایی مانگانەی موچە 900 ملیار دینارە، لە کاتێکدا حکومەت فیدرالی بۆ  شەش مانگی ساڵی2022، دەبوایە ترلیۆنێک و دو سەد ملیار بنێرێت بەڵام تەنیا دو مانگی لەمساڵەدا ناردوە کە تەنیا 400 ملیار دینارە. بەڵام حکومەتی هەرێم، هەمو مانگێک موچەی تەواوی دابەش کردوە. جگە لە دابینکردنی موچە، لە ماوەی تەمەنی کابینەی نۆیەم و لە سێ ساڵی ڕابردوشدا و تا دەگات بە ئێستا بڕی زياتر لە ملیار و نیوێک دۆلاریش لە قەرزە کۆنەکان دراوەتەوە. هەروەها حکومەت پارەشی بۆ خەرجییەکانی بەکاربردن و پێشینەی پڕۆژەکانی پلانی وەبەرهێنانیش خەرج کردوە و هیچ جۆرە قەرزێکی نوێش نەکراوە.

ئەمانە سەرەڕای دابینکردنی گاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا کە بۆ شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2022 بەهای ئەو غازەی لە کێڵگەی کۆرمۆر دابینکراوە بۆ ئەو وێستگانە بە پارە بڕی 566 ملیۆن دۆلار بوە، ئەمە سەرەڕای خەرجیی کڕینەوەی وزەی کارەبا لەو وێستگانە کە لەو شەش مانگەدا، 516 ملیۆن دۆلار بوە لەسەر حکومەتی هەرێم، بەڵام بە نرخێکی ڕەمزی پاڵپشتییکراو، کارەبا بۆ هاولآتیان دابینکراوە ، هەروەها پاڵپشتیکردنی نرخی بەنزین و دابینکردنی بە 800 دینار بۆ یەک لیتر بۆ هاوڵاتیان، لە کاتێکدا لە سەر حکومەتی هەرێم 1200 دینار کەوتوە ، ئەمە جگە لە غازی ماڵان کە ئەویش بە نرخی پاڵپشتیکراو دابین دەکرێت.

لە بڕگەی چوارەمدا،  هەنگاوە دەستوری و دادوەریی و یاساییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر گوشاری ناڕەوا و نادەستوریی وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدرال لە لایەن سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران خرایەڕو.

ئاماژە بەوە درا کە بەداخەوە حکومەتی فیدڕاڵیی، بە نادەستوریی بڕیاری ڕاگرتنی خەرجکردنی بەشە بودجەی هەرێمی داوە، لە هەمانکاتدا گوشاری ناڕەواش دەکات تا ڕێگربێت لەو داهاتەی کە هەرێم خۆی دەستی دەکەوێ لە داهاتیی نەوتیی و ناوخۆیی خۆی، کە هیچ ئەرکێکی دارایی لەسەر حکومەتی فیدڕاڵیی دروست نەکردوە.

ئەنجومەنی وەزیران دوپاتی کردەوە کە بە هیچ شێوەیەک، دەستبەرداری ماف و شایستە دەستورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان نابێت و بە هەمو ڕێگەیەکیش، داکۆکی لە مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و ملکەچی هیچ فشار و هەڕەشەیەکی حکومەتی فیدراڵی نابێت کە دەیەوێت مافەکانی خەڵکی کوردستان پێشێل بکات .

لەهەمانکاتیشدا ئەنجومەنی وەزیران جەخت لە چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان دەکاتەوە لەگەڵ بەغدا، لەناویشیاندا کێشەکانی پەیوەست بە نەوت و گاز لە سەر بنەمای دەستور، کە دەکرێ لە ڕێگەی دەرکردنی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی پشتبەست بە دەستور، کە ماف و ئەرکەکانی هەرلایەنێک دیاری بکات، چارەسەر بکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×