پارێزگاری هەولێر: ناتوانین بڵێین بەنزینی ٨٠٠ دیناری بەنزینێکی باشە
  2022-07-07       280       

پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، ناتوانن بڵێن بەنزینی ٨٠٠ دیناری بەنزینێکی باشە، بەڵام لەچاو نرخەکەیدا کوالێتییەکەی گونجاوە و لە داهاتووشدا کوالێتییەکەی باشتر دەبێت.

 ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە کوالێتی ئەو بەنزینە ٨٠٠ دینارییەی بەسەر شۆفێراندا لە وێستگەکانی بەنزین دابەشدەکرێت، ئاماژەی بەوەکرد:" ناتوانین بڵێین کوالێتی بەنزینی ٨٠٠ دیناری باشە، بەڵام لەچاو نرخەکەیدا کوالێتیی بەنزینەکە گونجاوە، رۆژ لە دوای رۆژیش کوالێتییەکەی باشتر دەبێت، بە تایبەتی دوای ئەوەی سەرچاوەی بەنزینەکە گۆڕدراوە".

ئەوەشی خستەڕوو:" بە گوێرەی پلانەکانی حکومەتی هەرێم، بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا پاڵاوگەی لاناز لە هەرێمی کوردستان بکرێتەوە، کە ئەمەش کوالێتی بەنزینی ٨٠٠ باشتر دەکات و کاریگەری لەسەر دابەزینی نرخی جۆرەکانی دیکەی بەنزینیش دەبێت".

سەبارەت بەو ئۆتۆمبێلانەی هاوڵاتییانیش کە لەماوەی رابردوودا هەندێکیان بەهۆی خراپی کوالێتی بەنزینە ٨٠٠ دینارییەکەوە سووتاون رایگەیاند:" رەنگە بەشێک لەو ئۆتۆمبێلانە بەهۆی خراپی کوالێتی بەنزینی ٨٠٠ دینارییەوە سووتابن، بەڵام مەرج نییە سەرجەمیان بەوهۆیەوە بێت، بەڵکو هەندێک جار کەمتەرخەمی شۆفێر و هەڵەی تەکنیکی حاڵەتی سووتانی ئۆتۆمبێلەکەی لێدەکەوێتەوە".

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر باسیلەوەشکرد:" ئەگەر شۆفێری ئۆتۆمبێلێک توانی بیسەلمێنێت کە ئۆتۆمبێلەکەی بەهۆی خراپت کوالێتی بەنزینەوە سووتاوە، ئەوە ئەو کاتە دەتوانێت لە سکاڵا دژی ئەو بەنزینخانەی تۆماربکات، کە ئەو بەنزینەی لێوەرگرتووە، هەروەها دەتوانێت داوای قەرەبووکردنەوەی سووتانی ئۆتۆمبێلەکەی لە خاوەنی بەنزینخانەکە بکات، ئێمەش وەک پارێزگاری هەولێر  رێککاری یاسایی بەرامبەر بەنزینخانەکە دەگرینەبەر".
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×