مەسرور بارزانی دەڵێت: دادپەروەری و رەزامەندی هاوڵاتیان بنەمای مانەوەی هەر حکومڕانییەکە
  2022-07-07       315       

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەمیانی كۆبونەوەی لەگەڵ وەزارەتی داد، رایگەیاند، "دادپەروەری و بەدەستهێنانی ڕەزامەندی هاوڵاتییان بنەمای سەرکەوتن و بەهێزبون و مانەوەی هەر دەسەڵات و حکومڕانییەکە."

ئاوێنە: لە چوارچێوەی سەردانەکانیدا بۆ وەزارەت و فەرمانگەکانی حکومەت، ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی وەزارەتی دادی کرد و لەلایەن فەرسەت ئەحمەد وەزیری داد، پێشوازی لێ کرا.

بەپێی راگەیەندراوێكی حكومەتی هەرێم، مەسرور بارزانی بە ئامادەبونی وەزیر و سەرۆکی ئەنجومەنی شورا و سەرۆکی داواکاری گشتی و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەت، سەرپەرشتی کۆبونەوەیەکی تایبەت بە وەزارەتی دادی کرد.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە"سەرۆکی حکومەت، لە وتەیەکدا ئاماژەی بە گرنگیی وەزارەتی دادو سەقامگیربونی دادپەروەری بە گشتی کرد و وتی، دادپەروەریی و بەدەستهێنانی ڕەزامەندی هاوڵاتییان بنەمای سەرکەوتن و بەهێزبون و مانەوەی هەر دەسەڵات و حکومڕانییەکە، بۆیە خوازیارم وەزارەتی دادو هەمو دامودەزگاکانی حکومەت، کار لە پێناو جێبەجێکردنی دادپەروەری و خزمەتکردنی هاوڵاتییان بەگشتی و بەبێ جیاوازی بکەن."

بەپێی راگەیەندراوەكە "سەرۆکی حکومەت جەختی لە گرنگیی نەهێشتنی ڕوتین و بیرۆکراسی و پێشکەشکردنی ئاسانکاری پێویست بۆ هاوڵاتییان و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکانی حکومەت کردەوە."

لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوە دراوە كە "سەرۆکی حکومەت هەروەها ئامادەیی هەمو هاوکاری و هەماهەنگییەکی حکومەتی لە گەڵ دادگاکانی کوردستان دەربڕی بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی پیشەییانە و بە خێرایی، ئەرکەکانیان رابپەڕێنن و لە بەسزاگەیاندنی تاوانباران و سەرپێچیکارانی یاسا بە گشتی و بەتایبەتیش بازرگانانی ماددەی هۆشبەر، هیچ کەمتەرخەمییەک نەکەن."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×