لاهور شێخ جەنگی پەیامێكی بەبۆنەی تێپەڕبونی ساڵێک بەسەر "کودەتا سەربازییەکەی ٨ی تەموز" بڵاوكردەوە
  2022-07-08       895       

نوسینگەی رۆژنامەوانی لاهور شێخ جەنگی پەیامێكی بە بۆنەی تێپەڕبونی ساڵێك بەسەر روداوەكانی 8ی تەموزی نێوخۆی یەكێتی بڵاوكردەوەو دەڵێت، لاهور شێخ جەنگی بۆ "پوچەڵکردنەوەی تۆمەتەكان" و "بڕیارە ناپەیڕەوییەكان"ی ناو یەكێتی، پەنای بردۆتە بەردەم دادگاو سکاڵای یاسایی تۆمارکردوەو لە دوای بڕیارەکانی دادگا، "بەرنامەو پلانی جدی دەبێت بۆ هەستانەوەی یەکێتی."

ئاوێنە: نوسینگەی رۆژنامەوانی لاهور شێخ جەنگی، ئەمڕۆ هەینی، لە پەیامێكدا رایگەیاندوە"ساڵێک لەمەوبەر لە پیلانگێڕییەکی قێزەون و بەرنامە بۆ داڕێژراودا بە پشتیوانی دەستی دەرەکی و لایەنێکی ناوخۆیی، ئاگریان لە ناوماڵی یەکێتیی بەردا و کودەتایەکی سەربازییان ئەنجامدا کە بۆ هەتا هەتایە وەک پەڵەیەکی ڕەش لە مێژودا دەمێنێتەوە."

وتوشیەتی"۸ـی تەموز نەک هەر ڕوداوێکی مێژویی گەورە بو لە نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەڵکو لە تێکڕای گۆرەپانی سیاسیی کوردستان و عێراق پاشەکشێیەکی زۆر گەورە بو لە دیموکراسیەت و سەروەری یاسا، لە ژیانی حزبی و لە ڕوی ستراتیژییەوە مەترسییەکی گەورەیە، چونکە دەبێتە پێشەنگ بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشە ناوخۆییەکان لە ڕێگای کودەتای سەربازییەوە."

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە: لاهور شێخ جەنگی "بۆ چارەسەری کێشەکان و پوچەڵکردنەوەی هەمو ئەو تۆمەتە بێ بنەماو بڕیارە ناپەیڕەوی و ناحزبییانەی کە لە دوای کودەتا سەربازییەکەی ٨ـی تەموزەوە دراون، پەنای بردۆتە بەردەم دادگاو سکاڵای یاسایی تۆمار کردوە، تا یاسا لەم کەیسەدا سەروەر بێت."

وتوشیەتی"پەنابردنی بەڕێزیان بۆ دادگاکانی هەرێم و عێراق بۆ ساغکردنەوەی تۆمەتەکان و دواتریش ساغکردنەوەی شەرعییەتی سیاسیی و قانونیی و حزبییە بەو پێیەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، حزبێکە لە قانونی ئەحزابی عێراقیدا، چوارچێوە حزبی و ئۆرگانی و شەرعیەتە سیاسییەکەی بە قانون ڕێکخراوە. بۆ هەمو لایەکیش ئاشکرایە کە شەرعیەتە جەماوەرییەکەشی لە کۆنگرەی چواردا جێکەوت بوە. هەر بۆیە چەندین جاریش بەڕێزیان دوپاتیان کردۆتەوە کە بە شانازییەوە یەکێتییە و خۆی بە خاوەنی یەکێتیی دەزانێت، پلە و پۆست لای گرنگ نییە، بەڵکو پلەی یەکێتییبون شانازییەکە و هیچ کەسێک پێی نەبەخشیوە تا بتوانێت ئەو مافەی لێ وەربگرێتەوە جگە لە یەکێتییەکان و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان."

هەروەها پەیامەكە جەختی كردۆتەوە كە "لاهور شێخ جەنگی هەرگیز کۆڵنادات و پشت و پەنای یەکێتییەکان و هاوڵاتییان دەبێت، بەردەوام دەبێت لە درێژەپێدانی ئەو نەهجە سیاسییە نیشتمانییە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕەنگڕێژی کردوە، پشتیوان بە خوای گەورە و بە پشتیوانیی ئێوەی یەکێتییە دڵسۆزەکان و جەماوەری کوردستان بەڕێزیان لە دوای بڕیارەکانی دادگا، بەرنامە و پلانی جدی دەبێت بۆ هەستانەوەی یەکێتیی و خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان."

دەقی پەیامەكە:

پەیامێک بە بۆنەی تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر کودەتا سەربازییەکەی ٨ـی تەمووز

کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان

جەماوەری دڵسۆز و خۆڕاگری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

سڵاوێکی گەرمتان لێبێت و جەژنی قوربانتان پیرۆز بێت

ئاشکرایە لە دوای کۆنگرەی چوارەم هاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەڵێنیان بە ڕۆحی به‌رزی‌ مام جه‌لال و شه‌هیدانی یه‌كێتیی، و ته‌واوی شه‌هیدانی ڕێی ڕزگاریی كوردستاندا کە پابه‌ند بن به‌و ئه‌مانه‌تە‌ گرنگ و ئه‌ركه‌ مێژووییه‌ی خراوه‌ته‌ سه‌ر شانیان، لە ئاست ئەو بەرپرسیارێتییەدا بن کە پێیان سپێردراوە و کار بکەن لە پێناو ئاشتی و ئاوەدانی و خزمەتی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان.

لەو چوارچێوەیەشدا بەڕێز لاهور شێخ جەنگی کە بە دەنگی ئەندامانی سەرکردایەتی و بە شەرعییەتی کۆنگرە بوو بە هاوسەرۆکی یەکێتیی، لەو چرکەساتەوە بێ گوێدانە ماندووبوون  قۆڵی لێهەڵماڵی و بە ورەیەکی بەرز و بە‌ وزه‌یەکی یەکێتییانە و بە دنیابینییەکی کراوەوە بە پشتیوانی ئێوەی دڵسۆزانی یەکێتیی دەستی کرد بە نوێبوونەوەی یەکێتیی، هەوڵەکانی بەڕێزیان لەو پێناوە بوو کە یەکێتییەکی بەهێزمان هەبێت تا لە ڕێگەی حکومەتێکی ڕاستەقینە و بەهێزەوە کوردستانێکی بەهێزمان هەبێت و لە ئاستێکی بەرزدا ژیان و گوزەرانی هاونیشتمانیان دابین بکرێت و هیوا بۆ گەنج و لاوەکان بگەڕێتەوە کە هەموو خەونیان بووە بە بەجێهێشتنی نیشتمان.

یەکێتیی لە دوای کۆنگرەی چوارەوە بوو بە خاوەن پەیڕەو و پرۆگرامی سەردەمیانە و پەیکەری حزبەکە ڕێکخرایەوە، دارایی و سەرچاوەکانی داهات ڕێکخرا، شکۆ بۆ ئەندام و کادر و ئۆرگانەکان گەڕێندرایەوە، ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بوو بە سەکۆی بڕیاردان. هەوڵدرا كۆده‌نگی له‌ درووستكردنی بڕیار دەستەبەر بکرێت دوور لە بڕیاری تاکەکەسی و بەرژەوەندیی تایبەتی، کە بەداخەوە وا ساڵێک تێپەڕ دەبێت کۆبوونەوەکانی سەرکردایەتی پەکخراوە و ڕۆڵی ئۆرگانەکانیش فەرامۆشکراوە.

یەکێتیی بەسەرکردایەتی لاهور شێخ جەنگی پەیوەندییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی حزبەکەی گەشاندەوە، لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە لایەنە کوردستانییەکان هەوڵی یەکڕیزیی نیشتمانی دەدات، لە‌گه‌ڵ بەشێک لە هێز و لایه‌نه‌ عێراقییه‌كانیش له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌ هاوبه‌شه‌كان ڕێککەوتبوو بە ڕەچاوکردنی پارێزگاریكردن له‌ مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی گه‌له‌كه‌مان و پاراستنی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان.

لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێم  دژی تاکڕەویی سیاسی بوون، هەوڵدرا هاوسەنگی هێز دروست بکرێت، کار بۆ ئەوە دەکرا کە ئەو بارە لارەی حکومڕانی ڕاستبکرێتەوە کە بەسەر میللەتەکەماندا هێندراوە، کە بە داخەوە ئەوەتا هاووڵاتییان دۆخێکی خراپ و نالەباری ژیانکردن بەڕێدەکەن، لە کاتێکدا نرخی نەوت لە ماوەی ئەمساڵدا هەر ڕووە و سەرەوە بووە و تەنانەت بەرزترین ئاستی تۆمار کردووە.

هەوڵدرا هاوپەیمانی و کۆدەنگییەک درووست بکرێت لەگەڵ زۆرینەی لایەنە کوردستانییەکان تا لە بەغداد کورد یەکدەنگ و یەکڕیز بێت. جەخت دەکرایەوە کە دەبێت بەغداد قوڵایی ستراتیژیی هەرێم بێت، بە پشتبەستن بە دەستوور و بە لەبەرچاوگرتنی قەوارەی هەرێم لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، کێشەکان چارەسەر بکرێن و هەوڵی بەدەستهێنانی مافە دەستووری و نیشتمانییەکان بدرێت.

بۆ دابینکردنی مووچە و قوتی هاونیشتمانیان، یەکێتیی بە سەرۆکایەتیی لاهور شێخ جەنگی سەردانەکانی بۆ بەغداد ئەنجامدا و لەگەڵ سەرۆکایەتییەکانی عێراق و لایەنە سیاسییەکان هەوڵی جدی درا بۆ نەهێشتنی پاشەکەوتی سەپێندراوی سەر مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم. چونکە بەڕێزیان باوەڕیان وایە کە ئەبێ لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا، کێشە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێن، نەک وڵاتانی ئیقلیمی تەحەکوم بە مەلەفی نەوت و غازی هەرێمەوە بکەن. مەلەفی وزە، ئەبێ دەوڵەتی فیدراڵی عێراق سەرپەرشتیکاری یەکەمی بێت بۆ ئەوەی شەفاف و دادپەروەرانە بێت، (ئەمەش بە شەراکەت و ئاگاداری هەرێمی کوردستان)، ئەبێت ئەم مەلەفانە ئیدارە بدرێن، بەڵام بە قەتعی نابێت کۆمپانیا بیانییەکان و بنەماڵە سیاسییەکانی وڵاتانی ئیقلیمی تەحەکومی پێوە بکەن.

بەڕێزیان نەبوون بە بەشێک لە ئەجندا و پیلانی بێگانە بۆ لەناوبردنی خوشک و براکانمان لە ڕۆژئاوا، دژ بە داگیرکاریی خاکی کوردستان و پیلانە هەواڵگرییەکان دژ بە خاک و نەتەوەکەمان وەستایەوە.

داوای لامەرکەزیی دەکرد بۆ خزمەتکردنی پارێزگاکانی هەرێم بێ جیاوازی و نزیکیش بووبووەوە لە جێبەجێکردنی.

ئەم نوێبوونەوە و گەشانەوەیە، ئەم هێز و ورە پۆڵایینیەی یەکێتیی، ئەم سەرکەوتنانە بوون بە تیرێک و لە دڵی ناحەز و نەیاران چەقی، هەر بۆیە لەم کات و ساتە هەستیارەدا کە یەکێتیی بە بەرگێکی نوێوە بەرەو هەڵبژاردنێکی چارەنووسساز هەنگاوی دەنا و چاوەڕواندەکرا ژمارەیەکی زۆر کورسی لە بەغدا بەدەست بهێنێت و ببێتەوە بە هێزی یەکەم، دوژمنان پیلانیان لە دژ گێڕا تا یەکێتیی بخەن و یه‌كێتیی ناو یه‌كێتیی لەبار بەرن و ترازان لە ناو ڕیزەکانیدا درووست بکەن. دوژمنانی یەکێتیی خەونیان بەوەوە دەبینی کە کەلێن لە نێوان براکاندا درووست بکەن. هەر بۆیە ساڵێک لەمەوبەر لە پیلانگێڕییەکی قێزەون و بەرنامە بۆ داڕێژراودا بە پشتیوانی دەستی دەرەکی و لایەنێکی ناوخۆیی، ئاگریان لە ناوماڵی یەکێتیی بەردا و کودەتایەکی سەربازییان ئەنجامدا کە بۆ هەتا هەتایە وەک پەڵەیەکی ڕەش لە مێژوودا دەمێنێتەوە. خۆ ئەگەر دانبەخۆداگرتن و مامەڵەکردنێکی حەکیمانە و هەستکردنی بەرپرسیارانەی بەڕێز لاهور شێخ جەنگی و پەرۆشی و خەمخۆری بۆ خەڵکی کوردستان و یەکێتیی نەبوایە، ئەوەی بەدەستیش هاتبوو لەناو دەچوو. ئەو هەڵوێستەی بەڕێزیشیان لەسەر ئاستی ناوخۆیی و عێراقی و نێودەوڵەتی بووە جێگای ستایشکردن کە ڕێگەی گرت لە خوێنڕشتن و لێکترازان لە ناوماڵی یەکێتیی.

لەگەڵ ئەوەی بەڕێزیان ڕێگەیان نەدا تووندوتیژیی ڕووبدات، بەداخەوە گروپێکی خۆسەپێن بە بەکارهێنانی بەشێک لە هێزە ئەمنییەکان دەستیان برد بۆ زۆر کاری ناڕەوا، چوار هەڤاڵی دڵسۆزی یەکێتییان شەهید کرد و کەوتنە ئازاردان و گرتن و سزادانی کادران و بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن و بڕینی قوتی ژمارەیەک لە هەڤاڵان، دواتریش بە بڕیاری ناپەیڕەوی و ناحزبی بۆ مەرامی تایبەتیی خۆیان کەوتنە گۆڕانکاری لە ئۆرگانە حزبییەکان.

۸ـی تەمووز نەک هەر ڕووداوێکی مێژوویی گەورە بوو لە نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەڵکو لە تێکڕای گۆرەپانی سیاسیی کوردستان و عێراق پاشەکشێیەکی زۆر گەورە بوو لە دیموکراسیەت و سەروەری یاسا، لە ژیانی حزبی و لە ڕووی ستراتیژییەوە مەترسییەکی گەورەیە، چونکە دەبێتە پێشەنگ بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشە ناوخۆییەکان لە ڕێگای کودەتای سەربازییەوە. لەگەڵ ئەوەشدا  ئەم کودەتایە لەناو یەکێتیی پێچەوانەی خەبات و تێکۆشان و ئامانج و  باوەڕە نەگۆڕەکانی خوالێخۆشبوو سەرۆک مام جەلالە.

ئێستاش دوای ساڵێک بەسەر ئەنجامدانی ئەو ڕووداوە، وەک ڕۆژی ڕووناک ڕاستییەکان بۆ هەموو یەکێتییەکان و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەرکەوتن و ئامانج و مەرامەکانی پشت ئەو کودەتایەی ساڵی پار ئاشکرا بوو.

هەمووان دەبینن ژیانی حزبیی ناو یەکێتیی بە بەراورد بە پێش ٨ـی تەمووز لە چ دۆخێکدایە، کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان باش دەزانن کە یەکێتییەکەیان چی لێهاتووە، ئۆرگانەکانی یەکێتیی چۆن پەکخراون. دۆخی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان بە دەست بێ بەرنامەیی و بێ پلانی لەم دەڤەرە لە چ ئاستێکدایە، خزمەتگوزارییەکان چۆن پەکخراون و دارایی و سەرچاوەکانی داهات چۆن دیزە بە دەرخۆنە دەکرێن و قاچاخچێتی و پشکپشکێنە و داهاتی گومرگەکان چۆن بە تاڵان دەبرێن. ئازادی ڕاگەیاندن و ڕادەربڕین چۆن بەرتەسک کراوەتەوە، خەڵکی کوردستان هەژارتر و برسیتر کراوە، نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی و ئاسایشی گشتیی (بە تایبەتی ناوچەکانی یەکێتیی) زیاتر بووەتە مەیدانی تەراتێنی دەزگا موخابەراتییەکان و ئازادیخوازانی کوردی پارچەکانی تر، تێرۆر دەکەن.

ئێستا ئەندام و کادر و لایەنگرانی دڵسۆزی یەکێتیی و هاووڵاتییانی کوردستان مافی ئەوەیان هەیە کە بپرسن بۆچی تا ئەم ساتەش بەڕێز لاهور شێخ جەنگی بێدەنگی هەڵبژاردووە؟!

بەڕێز لاهور شێخ جەنگی لە نائارامی و بێزاریی و نیگەرانییەکانی ئێوەی پارێزەری ڕاستەقینەی یەکێتیی تێدەگات، باش دەزانێت کە دەستان لەسەر دڵتانە و چاوتان لە ڕێگایە بۆ ئەوەی حزبەکەتان، حزبەکەی مام، حزبی شەهیدان لەوە زیاتر شکست نەهێنێت. ئەو یەکێتییەی کە پشت و پەنای هەژاران و هەموو ئازادیخوازان و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بوو نەبێتە حزبی پاشکۆی هیچ لایەنێک، چونکە یەکێتیی حزبی هیچ کەس و گروپێک نییە و حزبی ئێوەی یەکێتییە دڵسۆزەکانە و بە ئێوەوە بەهێز و پتەوە.

بەڕێزیان بۆ چارەسەری کێشەکان و پوچەڵکردنەوەی هەموو ئەو تۆمەتە بێ بنەما و بڕیارە ناپەیڕەوی و ناحزبییانەی کە لە دوای کودەتا سەربازییەکەی ٨ـی تەمووزەوە دراون، پەنای بردۆتە بەردەم دادگا و سکاڵای یاسایی تۆمار کردووە، تا یاسا لەم کەیسەدا سەروەر بێت، پەنابردنی بەڕێزیان بۆ دادگاکانی هەرێم و عێراق بۆ ساغکردنەوەی تۆمەتەکان و دواتریش ساغکردنەوەی شەرعییەتی سیاسیی و قانونیی و حزبییە بەو پێیەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، حزبێکە لە قانونی ئەحزابی عێراقیدا، چوارچێوە حزبی و ئۆرگانی و شەرعیەتە سیاسییەکەی بە قانون ڕێکخراوە. بۆ هەموو لایەکیش ئاشکرایە کە شەرعیەتە جەماوەرییەکەشی لە کۆنگرەی چواردا جێکەوت بووە. هەر بۆیە چەندین جاریش بەڕێزیان دووپاتیان کردۆتەوە کە بە شانازییەوە یەکێتییە و خۆی بە خاوەنی یەکێتیی دەزانێت، پلە و پۆست لای گرنگ نییە، بەڵکو پلەی یەکێتییبوون شانازییەکە و هیچ کەسێک پێی نەبەخشیوە تا بتوانێت ئەو مافەی لێ وەربگرێتەوە جگە لە یەکێتییەکان و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان.

بەم پەیامە ڕایدەگەیەنین کە بەڕێز لاهور شێخ جەنگی هەرگیز کۆڵنادات و پشت و پەنای یەکێتییەکان و هاووڵاتییان دەبێت، بەردەوام دەبێت لە درێژەپێدانی ئەو نەهجە سیاسییە نیشتمانییە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕەنگڕێژی کردووە، پشتیوان بە خوای گەورە و بە پشتیوانیی ئێوەی یەکێتییە دڵسۆزەکان و جەماوەری کوردستان بەڕێزیان لە دوای بڕیارەکانی دادگا، بەرنامە و پلانی جدی دەبێت بۆ هەستانەوەی یەکێتیی و خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان.

دووبارە جەژنتان پیرۆز بێت

نووسینگەی ڕۆژنامەوانی

 بەڕێز لاهور شێخ جەنگی

٨ـی تەمووزی ٢٠٢٢

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×