پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ هەینی، رایگەیاند، بەهۆی خراپی ئەو بەنزینەی دەیفرۆشن و هەروەها دەستكاریكردنی كوالێتییەكەی، لەم هەفتەیەدا 14 بەنزینخانەی تر لە هەولێرو دەوروبەری سزادران.
ئاوێنە: پارێزگای هەولێر، لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد"بەهۆی خراپی ئەو بەنزینەی دەیفرۆشن بەهاوڵاتیان و لهبهرامبهر دەستکاریکردنى كوالیتی بهنزین، لەم هەفتەیەدا (14) بەنزینخانەی تر لەهەولێر و دەوروبەرى لەلایەن لیژنەى پشکنین و چاودێریکردنى بەنزینخانەکانى سەر بە بەڕێوەبەرایەتى نەوت و کانزاکانى هەولێر سزادراون و ڕێکارى یاسایی لەبەرامبەر خاوەنەکانیان گیراوەتەبەر."
بەپێی راگەیەندراوەكە "کۆی گشتی ئەو بەنزینخانەی لەسەرەتای مانگى (6)ى ئەمساڵ تاکو ئەمڕۆ سزادراون (136) بەنزینخانەن."
هەروەها پارێزگای هەولێر، بەهۆی دوبارەکردنەوەی سەرپێچی و فرۆشتنی بەنزینی خراپ و دەستکاریکردنى كوالیتی، ناوی دو بەنزینخانەی دیكەی بڵاوكردۆتەوە كە پێكدێن لە: بەنزینخانەی MH و بەنزینخانەی ڕێگاى بەحرکە.
پارێزگای هەولێر دڵنیایی داوەتە هاوڵاتیان كە "تیمەکانى لیژنەى پشکنین و چاودێریکردنى بەنزینخانەکان بەردەوامن لەگرتنە بەری ڕێکاری یاسایی پێویست بەرامبەر هەر کەس و خاوەن بەنزینخانانەیەک کە بەنزینى خراپ دەفرۆشنە هاوڵاتییان و دەستکاری کوالێتی بەنزین دەکەن."
هەروەها داواشی لە هاوڵاتیان كردوە "لەکاتی تێبینیکردنی هەر جۆرە سەرپێچیەک لە بەنزینخانەکان و فرۆشتنى بەنزینی خراپ و دەستکاریکردنى کوالێتیەکەى لەزوترین کات ئاگادارى قائیمقامیەتى ناوەندى هەولێر بکەنەوە."