شكانی بۆرییەكی ئاو نزیكەی نیوەی هەولێر بێ ئاو دەكات
  2022-07-08       284       

لە بەرەبەیانى ئەمڕۆوە بۆری ئاوى ئیفراز سێ لە هەولێر شکاوە و بەهۆیەوە لە ٤٥٪ی دانیشتوانی ئەو شارە ڕوبەڕوى بێ ئاویی دەبنەوە، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەولێریش هۆکاری شکانەکە بۆ کۆنبونی بۆرییەکە دەگەڕێنێتەوە.

ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر، ئەمڕۆ لە راگەیەندراوێكدا ئاگاداری هاوڵاتیانی شارەكەی كردۆتەوە كە "دەست بە ئاوەوە بگرن" چونكە "بەهۆی شکانی بۆڕییەوە، پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێ ڕاگیراوە بەشێوەیەکی کاتی تاکو چاک دەکرێتەوە."

هەروەها زەردەشت عەبدولخالق، بەڕێوبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: لە بەرەبەیانى ئەمڕۆوە تیمەکانمان ئاگادارکرانەوە، کە بۆری ئاوی ئیفراز سێ شکاوە، کە ئاوى ٤٥٪ى دانیشتوانى گەڕەکەکانی شاری هەولێر دابین دەکات.

بەرێوەبەری بەڕێوبەرایەتیی ئاو ئاوەڕۆی هەولێر وتیشی: لە ئێستادا تیمەکانمان دەستیان کردوە بە چاکكردنەوەی بۆری ئاوی ئیفراز سێ و لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری داهاتودا چاکدەکرێتەوە.

لەبارەی هۆکارى زۆریى شکانەکانى ئەو بۆرییە لە ئەمساڵدا زەردەشت عەبدولخالق ڕایگەیاند: کە جۆرى بۆرییەکە فایبەر کڵاسەو تاوەکو ماوەیەکی دیارییکراو دەتواندرێت بەکاربهێندرێت، هۆکاری شکانی بۆرییەکە ئەوەیە تەمەنی بەکارهێنانی بەسەرچوە.

زەردەشت عەبدولخالق باسی لەوەشکرد: بە نوسراو داوامان لە حکومەت کردوە، کە ئەم جۆرە بۆرییە بگۆرین، لەمساڵدا یەکەم جارە بۆری ئاوی ئیفراز سێ بشکێت، بەڵام ساڵی ڕابردو شەش جار بۆریییەکە شکاوە و بەگشتیش تاوەکو ئێستا نزیکەى ٢٥جار ئەو بۆرییە شکاوە و هاوڵاتیان بێ ئاو بون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×