ئەژی ئەمین: ‎٨ی تەمووز هەوڵێک بوو بۆ سەرلەنوێ گێڕانەوەی دەزگا ئەمنییە هەستیارەکان بۆ دەستێکی ئەمین
  2022-07-08       1718       

ئەژی ئەمین وەک لێپرسراوی ئاژانسی پاراستن و زانیاری-زانیاری پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "بەڵێن دەدەین کە تا دوا دڵۆپی خوێنمان لەو چاکسازییانە دەست هەڵناگرین و بەردەوام دەبین، هەروەها لە کاتی خۆیدا زانیاری تایبەت بەو ڕووداوانە بۆ خەڵکی کوردستان دەخەینەڕوو."

ئاوێنه‌: ناوبراو لە پەیامێکدا بەبۆنەی جەژنی قوربان و یەک ساڵ دوای ڕووداوەکانی 8ی تەموزی ناو یەکێتی دەڵێت، "ڕوداوەکانی هەشتی تەموز هەوڵێک بوو بۆ سەرلەنوێ گێڕانەوەی دەزگا ئەمنییە هەستیارەکان بۆ دەستێکی ئەمین و بە نیشتیمانیکردنیان بۆ ئەوەی لە چوارچێوەى حکومەتدا لە خزمەتی خاک و نەتەوەکەمان بن لە هەر چوارپارچەى کوردستان، و هەوڵێک بوو بۆ گەڕاندنەوەى ئیرادەی بڕیاردان بۆ یەکێتى و دوورخستنەوەى لە هەژموونی ئیقلیمی و حستنەخزمەتی حیزبەکەمان بوو بە پاراستنى ناوماڵی کورد نەک هەر لایەنێکى تری عێراقی. بەداخەوە دواتر گۆڕانکارییەکان لەسەر شاڕێی چاکسازی لابران و بە فشاری ناوخۆیی و ناوچەیی هەوڵدرا چاکسازییەکان پەکبخرێت بەڵام لێرەوە بەڵێن دەدەین کە تا دوا دڵۆپی خوێنمان لەو چاکسازییانە دەست هەڵناگرین و بەردەوام دەبین، هەروەها لە کاتی خۆیدا زانیاری تایبەت بەو ڕووداوانە بۆ خەڵکی کوردستان دەخەینەڕوو."  

دەقی پەیامەکە:  

بە بۆنەی نزیکبوونەوەی جەژنی قوربانی پیرۆزەوە، پیرۆزبایی لەسەرجەم موسوڵمانانی جیهان دەکەم، ئومێدەوارم ئەم جەژنە ببێتە مایەی خێر و خۆشی و بەرەکەت بۆ هەموو موسوڵمانان بە گشتی و موسوڵمانانی کوردستان بە تایبەتی.
هاونیشتیمانیانی کوردستان سەرمایەیەکی مرۆیی گەورەن کە خاوەن مێژوویەکی پاک و بێگەردن و هەمیشە لەسەنگەری بەرخودان و ڕووبەڕووبوونەوەی داگیرکەراندا بوون. شایەنی ئەوەن هەتا ئەوپەڕی خزمەت بکرێن و ژیانێکی پڕ كامەرانی و شكۆ بەسەربەربن.
لە ناخی دڵمەوە پیرۆزباییەکی تایبەت ئاڕاستەی هەموو تێکۆشەر و خەباتگێڕە ماندونەناسەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەکەم و دەستی ماندووبوون و خەباتیان دەگوشم، گرنگە بە ڕۆحێکی نیشتیمانیانەوە هاوكارمان بن بۆ سەرکەوتنی هەوڵەكانمان تاوەکو ناوماڵی یەکێتی ڕێک بخەینەوە و یەکێتی بکەینەوە بە هەوێنی خەباتی نەتەوەیی و داینەمۆی گۆڕانکارییەکان.
لە ساڵیادی ڕووداوەکانی هەشتی تەمووزدا جێگای خۆیەتی بڵێین ڕوداوەکانی هەشتی تەمووز هەوڵێک بوو بۆ سەرلەنوێ گێڕانەوەی دەزگا ئەمنییە هەستیارەکان بۆ دەستێکی ئەمین و بە نیشتیمانیکردنیان بۆ ئەوەی لە چوارچێوەى حکومەتدا لە خزمەتی خاک و نەتەوەکەمان بن لە هەر چوارپارچەى کوردستان، و هەوڵێک بوو بۆ گەڕاندنەوەى ئیرادەی بڕیاردان بۆ یەکێتى و دوورخستنەوەى لە هەژموونی ئیقلیمی و حستنەخزمەتی حیزبەکەمان بوو بە پاراستنى ناوماڵی کورد نەک هەر لایەنێکى تری عێراقی. بەداخەوە دواتر گۆڕانکارییەکان لەسەر شاڕێی چاکسازی لابران و بە فشاری ناوخۆیی و ناوچەیی هەوڵدرا چاکسازییەکان پەکبخرێت بەڵام لێرەوە بەڵێن دەدەین کە تا دوا دڵۆپی خوێنمان لەو چاکسازییانە دەست هەڵناگرین و بەردەوام دەبین، هەروەها لە کاتی خۆیدا زانیاری تایبەت بەو ڕووداوانە بۆ خەڵکی کوردستان دەخەینەڕوو.
هاونیشتیمانیانی خۆشەویست لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دووبارە فشارەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان لە شێوەیەکی نوێدا خۆی پیشان داینەوە و دووبارە هێرشکرایەوە سەر کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان، ئەم دۆخە بەرەنجامی گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ناو پڕۆسەی سیاسی عێراق و کێشمەکێشمەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقە، بەداخەوە هێرشکردنە سەر کێڵگەکانى هەرێمی کوردستان لە ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى ئیداری و سەربازی خۆمان پێشهاتێکى نوێیە، هیوادارین ئەم ڕووداوە پلان بۆ داڕێژراو نەبێت و هۆکارەکەى كاڵفامی و ناشارەزایی سیاسی و سەربازى ئەم تاقمە بێت کە دەستیانگرتووە بەسەر هێزە ئەمنیەکاندا و بە مەبەست نەبووبێتن بە بەشێک لەو فشارانەی دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان.
لێرەوە داوا لە سەرکردایەتی سیاسی کورد، سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، نوێنەرانی کورد لە بەغدا دەکەم لە سۆنگەی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستانەوە سیاسەتەکانیان دابڕێژنەوە و ئاڕاستەکان هەڵبژێرن نەک هەموو هیواکان بە بەرەیەکدا هەڵبواسن و دواتریش گەلەکەمان لێی زەرەرمەند بێت.
لەکۆتاییدا داوا لە خەڵکی کوردستان دەکەم گوێ نەدەن بەو دەنگە نەشازانەی کە بانگەشە بۆ داگیرکەرانی کوردستان دەکەن و دەیانەوێت کوردستان دەستبەرداری مافە دەستوورییەکان و بەرژەوەندییە باڵاکانی ببێت، ئەو دەنگە نەشازانە هاوشێوەی ئەو خۆفرۆشانەن کە لە ساڵانی پێشوودا پێش سوپای داگیرکەر دەکەوتن بۆ وێرانکردنی گوند و شارەکانی کوردستان، ئێستاش ئەمانە تەواوکەری هەوڵی داگیرکەرانن بۆ بچووککردنەوە و لاوازکردنی کوردستان،بۆیە ڕێگەیان پێ مەدەن و بە زبڵدانی مێژوویان بسپێرن.
ئەژی ئەمین
لێپرسراوی ئاژانسی پاراستن و زانیاری-زانیاری
٨ی تەمووزی ٢٠٢٢  

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×