قائیمقامیەتی سلێمانی: لەماوەی شەش مانگدا زیاتر لە 171 تۆن کاڵاو شمەک لەناوبراون
  2022-07-08       269       

قائیمقامیەتی سلێمانی ڕایگەیاند، لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 171 تۆن و 786 کیلۆگرام کاڵا و شمەک لەناوبراون.

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ قائیمقامیەتی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، “لە شه‌ش مانگی کۆتایی ساڵی رابردوودا رێژەی ئاگادارکردنەوەکان زۆرتر بووە بە بەراورد بە شه‌ش مانگی سەرەتای ئەمساڵ، ئەو ئامارانەی کە تۆمارکراون دەریدەخەن زۆربوونی ژمارەی سەردانەکان بەرێژەی %5 بۆتەهۆی کەمبوونەوەی سەرپێچییەکان بە رێژەی %1”.

ئەوەشی خستەڕوو، “پشتبەست بە ئاماری تۆمارکراو لە هۆبەی ئامار و تەکنەلۆجیای زانیاری دیوانی قایمقامیەتی سلێمانی، ئەمساڵ لە بەرواری (2022/1/1) تاوەکو (2022/7/1) لیژنە هاوبەشەکان 43 هه‌زار و 715 سەردانیان بۆ بازاڕ و شوێنە گشتییەکانی شاری سلێمانی ئەنجامداوە، ئەم رێژەیەش بە بەراورد بە شه‌ش مانگی کۆتایی ساڵی پار زیادیکردووە، لەو شه‌ش مانگەی کۆتای ساڵی رابردوودا 42 هه‌زار و 966 سەردان ئەنجام درابوون بەمەش رێژەی سەردانەکان به‌ رێژه‌ی به‌ 5% زیادیکردووە”.

ئاشکراشی کرد، هەر لەو ئامارە بەراوردکاریەدا، ژمارەی سەرپێچیەکان بەهۆی زیاتر پێدانی رێنمایەکان بە رێژەی 1% کەمی کردووە، بەجۆرێک  لە شه‌ش مانگی ساڵی پار سێ هه‌زار و 939 حاڵەتی سەرپێچی تۆمار کراوە، به‌ڵام لە شه‌ش مانگی سه‌ره‌تای  ئەمساڵدا سێ هه‌زار و 687 حاڵەتی سەرپێچی تۆمارکراون و دواین ئامار وردەکاری شه‌ش مانگی کار و چالاکیەکانی دیکەی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی لەم ساڵدا بەم شێوەیەی خوارەوە تۆمار کردووە:

ئاگادارکردنەوە: دو هه‌زار و (456) پسوڵە

داخستن: (403) شوێن

دادگا: (130) حاڵەت

مەوادی لەناوبراو: (171) تۆن و (786) کیلۆگرام

غەرامە: (181) ملیۆن دینار و (100) هه‌زار دینار

جەختی لەوەش کردەوە، لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی چالاکییەکانیان لە پێناو کەمکردنەوەی ژمارەی داخستنەکان و سەرپێچیەکان ئەنجام دەدەن، وە ئامانجیشیان پابەندبوونی سەرجەم شوێنەگشتییەکانە بە یاسا و رێنماییەکانەوە، تاوەکو سەلامەتی و تەندروستی هاوڵاتیانی شاری سلێمانی پارێزراو بێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×