گروپێكی سەر بە پارتی ڕێگری لە ئازادكردنی زیندانیانی بادینان دەكەن
  2022-07-08       862       

نوێنەری زیندانیانی بادینان ڕایدەگەیەنێت، گروپێكی سەر بە پارتی ڕێگری لە ئازادكردنی زیندانیانی بادینان دەكەن، سەرباری ئەوەی ماوەی سزاکەیان تەواوکردوە.

ئاوێنە:  سەعید ڕۆژنامەنووس و نوێنەری زیندانیانی بادینان ڕایگەیاند، پرۆسەی گرتن و ڕفاندنی چالاکوان و ڕۆژنامەنووسانی بادینان لەژێر حوکمڕانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کە ھەر لە یەکەم ڕۆژ تائێستا نایاسایی و نا دیموکراسییە، کاردانەوە و نیگەرانی نێوخۆیی و جیھانی لێکەوتەوە.

دەشڵێت، لەبری پێداچوونەوە و باشترکردنی دۆخەکە، ئێستا گروپێکی ناو پارتی دیموکراتی کوردستان، بە فەرمانی سەرۆکی حکومەت “دەستێوەردان لە کاروباری دادگا و چاکسازیی گەورانی ھەولێر دەکەن، ڕێگری لە ئازادکردنی زیندانیانی بادینان دەکەن، سەرباری ئەوەی ماوەی سزاکەیان تەواوکردووە”.

نوێنەری زیندانیان ئاماژە بەوەشدەكات، بەپێی بڕیاری دادگا و کەمکردنەوەی لە 50%ی سزاکەیان لەلایەن سەرۆکایەتیی ھەرێمەوە و، لەبارچاوگرتنی یاسای ژمارە 23ی بنەما دادگاییەکان (اصول محاكمات الجزائية)، ئازادکردنی مەرجدار (إفراج الشرطي) ماددەی 331، سزای زیندانیانی بادینان تەواوبووە و زیاتریش لە ماوە یاساییەکەی خۆیان ڕاگیراون و پێویستە دەستبەجێ ئازادبکرێن.

گروپی یەكەم لە 2021/2/16 بە شەش ساڵ سزادران کە پێکدێن لە (شێروان شێروانی، شڤان سەعید، ھاریوان عیسا، ئەیاز کەرەم و گوھدار زێباری).

گروپی دووەم لە 2022/5/16 بە دوو ساڵ سزادران کە پێکدێن لە (مەحمود ناجی، نێچیرڤان بەدیع، ئەمجەد شوکری، کۆڤان تارق و یوسف ئیبراھیم).

ڕوونیشیدەكاتەوە، چاوەڕێی ئەوە بووین ئەم جەژنە بە ھاتنی کەسوکارەکانمان لە زیندان بە خۆشی بکەین کە مافێکی یاساییانە نەک منەت، بەڵام بەداخەوە ھێشتا زیندانیانی بادینان سزادەدرێن و ڕۆژنامەنوس (قارەمان شوکری) کە بەبێ پارێزەر حەوت ساڵ سزادراوە ھیچ پێداچوونەوەیەک بە دوسیەکەیدا ناکرێت و (شێروان سەعید سیاری و رۆژگار رزگار) و دەیان زیندانی دیکە زیاتر لە چوار ساڵە بە نایاسایی لە ئاسایشی گشتی ھەولێر ڕاگیراون و دادگایی ناکرێن.

لە كۆتاییشدا نوێنەری زیندانیان دەڵێت، “ئەم ھەموو یاساشکێنی و ڕقە سیاسییە پێمان دەڵێت کە گروپێک لەنێو پارتی دا بە بیرکردنەوەیەکی سادیزمانە چێش لە ئازاردانمان و سەرکوتکاری و ترس و توقاندنە دەبینێت، ئەم ھەرێمە بەرەو ئاقارێکی زۆر خراپ دەبات”.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×