سەدر ڕێگە نادات چوارچێوەی هەماهەنگیی لەقۆناغی داهاتوودا هیچ حکومەتێکی تەوافوقی دروست بکەن
  2022-07-10       461       

بەگوێرەی لێدوانی سەرچاوەیەکی ئاگادار لەحەنانەی بارەگای سەدر، موقتەدا سەدری ڕێبەری رەوتی سەدر  ڕێگە نادات هێزەکانی ناو هاوپەیمانی "چوارچێوەی هەماهەنگیی" لەقۆناغی داهاتوودا هیچ حکومەتێکی تەوافوقی درووست بکەن.

ئەو سەرچاوەیە کە لە ڕێبەری رەوتی سەدرەوە نزیکە و داوای کردووە ناوەکەی ئاشکرا نەکرێت، لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا بەپێگەی "شەفەق نیوز"ی راگەیاندووە: موقتەدا سەدر ڕێگە نادات هیچ حکومەتێک لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگیی بەپێی ئەو بەرنامەیە دوروست بکرێت کە پلانیان بۆی داناوە، بۆئەومەبەستەش جوڵاندنی شەقام یەکێک  دەبێت لە بژاردەکانی بەردەوامی ڕێبەری رەوتی سەدر.

سەرچاوەکە ئەوەشی وتووە: هێزەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگیی ئەوە باش دەزانن کە سەدر ڕێگەیان پێنادات حکومەتێکی تەوافوقی دروست بکەن کە تێیدا دەست بەسەر هەموو پۆست و وەزارەتەکانی پێکهاتەی شیعەدا بگرن، هەربۆیە ئەو هێزانە لەپێکهێنانی حکومەتدا بەوریایی و لەسەرخۆ جوڵە دەکەن، چونکە پێیان وایە دابەزینی جەماوەری سەدر بۆسەر شەقام ئاستەنگ بۆ پێکهێنانی حکومەت درووست دەکات.

رۆژی پێنجشەممە چوارچێوەی هەماهەنگیی رایگەیاند کە پۆست و وەزارەتەکانی رەوتی سەدر لەناو حکومەتی داهاتوودا پارێزراو دەبێت و دەستی بۆ نابرێت، ئەگەر هات و حکومەتی داهاتوو بێ ئامادەبوونی ئەوان درووستکرا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×