2022-07-10   426     
شەوی شەممە 09-07-2022، لە پارێزگای ئێلیهی باکووری کوردستاندا شەڕ لە نێوان 7 خێزانی دوژمندار دروستبوو و لە ئەنجامدا 54 کەس برینداربوون کە پێنجیان تەندروستییان ناجێگیرە.
ئاوێنه: شەڕەکە شەوی رابردوو لە شارۆچکەی بەشیری سنووری پارێزگای ئێلیهـ لە نێوان 7 بنەماڵە کە دوژمنداری لە نێوانیاندا هەبوو، روویدا. سەرەتا لایەنەکان بە چەقۆ و دار رووبەڕووی یەکدی بوونەوە. دواتریش چەند کەسێک لە هەردوولا چەکیان دەرهێنا و تەقەیان کرد.
بەگوێرەی راگەیێنراوێکی پارێزگای ئێلیهی باکووری کوردستان، لە کاژێر 06.00ی ئێوارەی یەکەمین رۆژی جەژن لایەنەکان رووبەڕووی یەکدی بوونەتەوە و چەند جارێک دەمەقاڵێ لە نێوانیاندا روویداوە. دواتریش هەر لایەنێک خزم و کەسی بانگکردووە و لێیان بووەتە شەڕ.
دوای شەڕەکە ژمارەیەکی زۆر ئەمبوڵانس گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و هێزە ئەمنییەکانیش رێوشوێنیان لە ناوچەکە گرتەبەر.
پۆلیسی ئێلیهـ دەستی بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کردووە و ژمارەیەک گومانلێکراویش لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.