زانیاری نوێ لەبارەی بڕیارەکەی دادگای کەرخ لەسەر کێشەکانی ناو یەکێتی
  2022-07-11       634       

نوسینگەی لاهور شێخ جەنگی و میدیای رەسمی یەکێتی دو نوسراوی جیاوازی دادگای کەرخی بەغدایان سەبارەت بە ئەنجامی سکاڵایەکی لاهور شێخ جەنگی بڵاوکردوەتەوە، کە پێشتر ناوبراو لەسەر یەکێتی تۆماریکردبو. كەسێكی نزیك لە لاهور شێخ جەنگی لەوبارەیەوە دەڵێت: "ئەو بڕیارەی کە میدیای یەکێتی بڵاویکردوەتەوە، نازانین..ساختەیە یان چی."

ئاوێنە: بەپێی ئەو نوسراوەی نوسینگەی لاهور شێخ جەنگی بڵاویکردوەتەوە، دادگای کەرخ بە فەرمانی سالاری (امر ولائی) هەمو گۆڕانکارییەکانی یەکێتی ڕاگرتوەو بڕیاری دورخستنەوەی لاهور شێخ جەنگیش لە (هاوسەرۆکی یەکێتی) ڕاگیراوە، هەروەک حجزیشی خستوەتە سەر دۆسیەی یەکێتی لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق.

دواتر میدیای یەکێتی نوسراوێکی جیاوازی هەمان دادگای بڵاوکردەوە، گوایە دادگای کەرخ لە ڕۆژی 12ی حوزەیران، سکاڵاکەی لاهور شێخ جەنگی لە سەر یەکێتی نیشتیمانی ڕەتکردوەتەوە.

گۆران ساڵح، پارێزەرو شارەزای یاسا، کە هەردو نوسراوەکەی دادگای کەرخی بینیوە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"ئەو بڕیارەی کە جاری یەکەم دادگای کەرخ لە دژی یەکێتی داویەتی، پێیدەوترێت فەرمانی سالاری (امر ولائی) واتە بڕیارەکە لە غیابی سکاڵا لەسەرکراو دراوە، دواتر وەک لە نوسراوی دوەمدا دەردەکەوێت، یەکێتی بڕیارەکەی تەمیز کردوەتەوەو لە بەرژەوەندی خۆی یەکلایی کردوەتەوە."

بەڵام شادمان مەلا حەسەن، سەرکردەی پێشوی یەکێتی و نزیک لە لاهور شێخ جەنگی، بە دەنگی ئەمەریکای وت"سەرەتا دادگا لەبەرژەوەندی لاهور شێخ جەنگی بڕیاریدا، کەچی دواتر هامش لەسەر نوسراوەکە نوسراوە، ئەو بڕیارەشی کە میدیای یەکێتی بڵاویکردوەتەوە، نازانین چییە دەگوزەرێت، ساختەیە یان چی."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×