سەرچاوەیەک لەناو هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆکایەتیی نووری مالیکی رایگەیاندووە کە ڕکابەرییکردنی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکی حکومەتی داهاتووی عێراق لەنێوان سێ کاندیددا دەبێت، هەروەک ناوی ئەو کەسایەتییەشی ئاشکرا کردووە کە رەزەمەندی ئێرانی بۆ وەرگرتنی پۆستەکە بەدەستهێناوە.
تورکی جەدعان عەتەبی سەرکردەی ناو هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە: چوارچێوەی هەماهەنگیی بەهەموو هێزە سیاسییەکانییەوە لە هەوڵی یەکلاییکردنەوەی ناوی بەربژێری پۆستی سەرۆکی حکومەتی داهاتوودایە، بەوپێیەی وەک گەورەترین کوتلەی پەڕلەمانیی ماونەتەوە، جەختیشی کردۆتەوە کە ڕکابەرییکردنی بەدەستهێنانی پۆستەکە لەنێوان نووری مالیکی و حەیدەر عەبادی و محەمەد شیاع سودانییدا دەبێت.
بەوتەی عەتەبی، ئێران رازیی بووە محەمەد شیاع سودانی پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی داهاتووی عێراق وەربگرێت، باسی لەوەشکردووە کە وەرگرتنی پۆستەکە لەلایەن سوودانییەوە واتای ئەوەیە بۆ جاری سێیەم پۆستی سەرۆکی حکومەت دەکەوێتەوە لای حزبی دەعوە.
جەختیشی کردۆتەوە کە چوارچێوەی هەماهەنگیی لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکان لەجوڵەدایە بۆئەوەی لەزووترین کاتدا حکومەتی داهاتووی عێراق پێکبهێنرێت و دۆخی چەقبەستووی سیاسیی کۆتایی پێبهێنرێت.
ئەوەشی وتووە کە لەسەدا 70 ی کێشەکانی پەیوەست بە پێکهێنانی حکومەت لەگەڵ لایەنە سیاسییەکاندا کلایی کراونەتەوە، وتوشیەتی کۆتایی مانگی تەممووز قۆناغێکی زۆر گرنگ دەبێت بۆ راگەیاندنی بەشێکی زۆر لە لەیەکتێگەیشتنەکان لەگەڵ ڕهوت و هاوپەیمانییە سیاسییەکان.