نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاند، چوارچێوەی هەماهەنگی نزیکبووەتەوە لە دەستنیشانکردنی کاندیدی سەرۆکوەزیران و پێکهێنانی حکومەتی نوێ.
ئاوێنە: نوری مالیکی لە لێدوانێکدا کە نوسینگەکەی بڵاویکدووەتەوە ڕایگەیاندووە، "گفتوگۆکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان پێشکەوتنی بەدیهێناوە، ئەوەش دوای ئەوەی دووربووین لە پەراوێزخستن و دەرگامان بەڕووی هاوبەشە سیاسییەکاندا کراوە بوو."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئێستا نزیکبووینەتەوە لە بەدیهێنانی ئامانجەکان کە گرنگترینیان دەستنیشانکردنی کاندیدی سەرۆکوەزیرانە لەگەڵ پێکهێنانی حکومەتێک کە بتوانێت دۆخی ئەمنی و خزمەتگوزاری باشتر بکات."
پەیامەکەی مالیکی دوای ئەوە هات، هادی عآمری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح ڕەتیکردەوە خۆی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران کاندید بکات و ڕاشیگەیاند، بەشداری لە حکومەتی نوێی عێراق ناکات.