عەلی حەمەساڵح: هێزی دەسەڵاتدار هاوبەشن لە قومارخانەكانی سلێمانی بۆیە داناخرێن
  2022-07-12       820       

عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، "ھیچ لایەنێک ئامادەنەبوو بڕیاری داخستنی پێنج قومارخانە نایاساییەکەی سلێمانی بدات کە دەیان خێزانیان ھەڵوەشاندوە، چونکە ھێزی دەسەڵاتدار شەریکە لەو قومارخانانەدا."

ئاوێنە: عەلی حەمەساڵح، ئێوارەی ئەمڕۆ(سێشەممە)، لە راگەیەندراوێكدا لەبارەی هۆکاری دانەخستنی قومارخانەکانی سلێمانی، وتویەتی"لەماوەی ڕابردودا دۆسیەی قومارخانەکانی سلێمانیمان هەڵدایەوە (پاڵاس و ئاشتی و باخان و بلورو میراڵ)، پاشان لەڕێگای لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە کەوتینە بەدواداچوون بۆ داخستنییان."

ئەوەشی خستۆتەڕوو"بەهۆی ئەم قومارخانەوە دەیان خێزان هەڵوەشاوەتەوە سەدان کەس تووشی گرفت بوون. بەپێی ئەو سیستمەی دانراوە (گرەو) نزیکەی ٨٥٪ ئەگەری دۆڕاندن هەیە، بۆیە ئەوەی بچێت دۆڕاوەو براوە کۆمپانیاو خاوەن شوێن و حزبەو تائێستا ملیۆنان دۆلاریان بردوەتەوە."

ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوە كردووە كە لە بەدواداچوونەكەیدا گەیشتۆتە ئەو ئەنجامەی كە "هەرچەندە ئەو كارە نایاساییەو سیستمەکەش (جهازە، ڕۆڵێت و ئەکاونت) بەشێوەیەکە هەرکەس بچێت دەدۆڕێت، بەڵام هیچ هێزێک ناتوانێت دایانبخات، لەبەر ئەوەی هێزی دەسەڵاتدارو چەند بەرپرسێک هاوبەشن لەگەڵ روسی و لوبنانییەکان."

ئاماژەی بەوەشداوە كە "خۆیان بە پێدانی قەرزو وەرگرتنی بارمتەو دڵنیایی هانی خەڵک دەدەن زۆرترین پارە بدۆڕێنێت و سەدان خێزانیان هەڵوەشاندۆتەوە."

عەلی حەمەساڵح وتویەتی"تەنیا سەرۆکی یەکێتی و جێگری سەرۆکی حکومەت بە بەرپرسیار دەزانین."

پەرلەمانتارەكەی كوردستان داوای لە خەڵك كردووە روونەكاتە ئەو قومارخانانە چونكە بەدڵنیایی هەركەس بچێت دەدۆڕێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×