كچێكی 13 ساڵان لە روبارێكی سنوری مێرگەسور خنكا
  2022-07-12       466       
دیمەنێكی روباری زرارا لە سنوری قەزای مێرگەسور

بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سۆران رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ(سێشەممە)، چوارەم رۆژی جەژن، كچێكی 13 ساڵان لەنێو روباری "زرارا" لە سنوری قەزای مێرگەسور خنكا.

ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتییەكە لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاند، "ئەمڕۆ سێشەممە رێکەوتی ١٢ / ٧ / ٢٠٢٢ چوارەم رۆژى جەژنى قوربانى پيرۆز، کاتژمێر (٦:٢٥)ی خولەكی ئێوارە ئاگادارى هۆبەی بزوێنی بەرێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سۆران کرایەوە بە بونی روداوێکی خنكان له روبارى زرارا له سنورى قەزاى مێرگەسۆر."

ئاشكراشیكردوە"خنکاوەکە منداڵێکی کچە بەناوی (بارین رمضان اسماعيل)، تەمەنی (۱۳) ساڵانه دانیشتوی شارى هەولێرەو لەگەڵ کەسوکاری بۆ گەشت و سەیران سەردانی روباری زرارایان کردوەو دەچێتە نێو روبارو دەخنكێت."

ئەوەشی خستۆتەڕو"پێش ئەوەى تيمەكانى مەلەوانى مێرگەسور بگەنه شوێنی روداوەكە، لەلایەن هاوڵاتيانى نزيك له روداوەكه تەرمەكەی له نێو روبار دەردەهێنن و رەوانەى نەخۆشخانەى مێرگەسۆریان کرد."

یەكەم رۆژی جەژنی قوربانیش هاوڵاتیيەكى بەڕەگەز هيندى لەكاتى مەلەوانى كردن له روبارى "رێزان" له سنورى قەزاى مێرگه سۆر خنكا.

بەپێی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سۆران، لە سەرەتای ساڵی (۲٠۲۲)ەوە تاكو ئێستا نۆ هاوڵاتی لە روبارەکانی سنورەكەیان خنكاون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×