جێگرەوەی حاکم زاملی دیاریدەکرێت
  2022-07-13       522       

فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا لە پەرلەمانی عێراق، پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کە لەلایەن حاکم زاملییەوە جێهێڵرا، یەکلایی دەکاتەوە و بڕیارە لەدوای دەستپێکردنەوەی وەرزی نوێی یاسادانان دەنگی پێبدرێت، سەرچاوەیەکی ئاگاداریش رایدەگەیەنێت،" سێ ناو بۆ ئەو پۆستە دەستنیشانکراوە".

ئاوێنە: ماڵپەڕی بەغداد ئەلیەوم، لەزاری محەمەد سەیهود، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاساوە بڵاویکردوەتەوە،" لەگەڵ دەستپێکردنەوەی کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی نوێنەران لە وەرزی یاسادانانی نوێدا، پرسی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان یەکلایی دەکرێتەوە کە لە چوارچێوەی رێکەوتنێکی لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی یەکلایی دەکرێتەوە و هیچ جیاوازییەکی بۆچون لەئارادانییە لەسەر ئەو پرسە".

ئاماژەی بەوەشکرد،" کەسایەتی زۆر هەن تایبەتمەنی ئەوەیان تێدایە بۆ ئەو پۆستە کاندید بکرێن، بەڵام ئەو کەسەی هەڵدەبژێردرێت رێکەوتنێکی پەرلەمانی گەورەی لە پشتە تەنانەت لەناو پەرلەمانتارەکانی دەرەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی".

لەلایەکی دیکەشەوە، ئاژانسی شەفەق نیوز، لەزاری سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردوەتەوە،" سێ ناو وەک کاندیدی پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان لە ئارادان کە پێکهاتون لە( عەتوان عەتوانی، محەمەد سەهیود، موهەنەد خەزرەجی)".

ئەمە لەکاتێکدایە، حاکم زاملی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان هاوکات لەگەڵ پەرلەمانتارانی دیکەی سەدر لەسەر داوای موقتەدا سەدر دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستەکەی راگەیاند.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×