مالیكی هێرشی توند دەكاتە سەر بارزانی
  2022-07-13       1584       


لە تۆمارێكی دەنگیی دزەپێكراودا، نوری مالیكی، سەرۆكی دەوڵەتی یاسا هێرشی توند دەكاتەسەر مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و تۆمەتباری دەكات بەوەی لەگەڵ سوننەكاندا هەوڵی تێكدانی ماڵی شیعە دەدات، بەڵام نوسینگەی ناوبراو ڕەتی دەكاتەوە.   

ئاوێنه‌: لە تۆمارە دەنگییەكەدا كە بانگەشەی ئەوە دەكرێت مالكییە دەڵێت، "كردوویانە بە مەرجەعی سوننەكان بۆ تێكدانی ماڵی شیعە."  

نوسینگەی نوری مالیكی لە ڕوونكردنەوەیەكدا لەبارەی تۆمارە دەنگییە دزەپێكراوەكە دەڵێت، "زۆر ڕوون و ئاشكرایە كە ئەو تۆمارە دەنگییە دروستكراوە و ساختەیە و تەكنەلۆجیای دەنگی بەكارهێنراوە."  

نوسینگەكەی دەشڵێت، "بەشێك لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تۆمارێکی دەنگییان بڵاوکردەوە کە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هی بەڕێز نوری مالیکییە. تۆمارەکە باس لە کۆمەڵێک پرس و هەڵوێستی سیاسی دەکات کە لەگەڵ هەڵوێستی بەڕێز مالیكی و سەروەری یاسادا نایەنەوە."  

دەشڵێت، "بڵاوكردنەوەی ئەم تۆمارە لە كات و ساتێكی زۆر هەستیاردا دێت كە پرۆسەی سیاسی عێراقی تێیدا تێدەپەڕێت و ئەمەش ئاماژەیەكی روون دەدات كە ئامادەكاری پێشوەختە بۆ تۆمارەكە رێكخراوە و گوماناوی بووە."  

جەختیكردووەتەوە كە "ئێمە جارێکی تر پشتڕاست دەکەینەوە ئەوەی کە لەم تۆمارە دەنگییەدا ئاماژەی پێکراوە هی بەڕێز نوری مالیکی نییە، ڕوونە کە هەندێک لایەن بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای مۆدێرن دەنگەکەیان دروستكردووە."  

  بۆ گوێ گرتن له‌ تۆماره‌ ده‌نگیه‌كه‌ كلیك بكه‌ 

  

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×