ئیتڵاعاتی ئێران: لەسەر سنووری هەرێمی کوردستان 10 کەسمان دەستگیرکرد
  2022-07-13       620       

ئیتڵاعاتی ئێران رایگەیاند، تۆڕێکی 10 کەسییان دەستگیرکردووە، کە ئەندامی حیزبە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن. 
 
ئاوێنە: ئەمڕۆ چوارشەممە 13.7.2022 ئیتڵاعاتی ئێران راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و وتی، ئەو تۆڕە 10 کەسییە "تیرۆریستییە لە چوارچێوەی چەند تیمێکی هاوئاهەنگکار کە ئەرکی جیاوازیان لە تێکدان، تەقاندنەوە، هێرشکردنەسەر ناوەند و دامەزراوە هەستیار و ئابوورییەکانەوە تاوەکو رێگریکردن و پارەسەندن لە خەڵک و بەتایبەت خاوەن پڕۆژە و وەبەرهێنەران پێ سپێردرابوو".
 
ئیتڵاعاتی ئێران ئاماژەی بەوە کردووە، "ئەو تۆڕە بە پشتیوانی ناوەندی شەڕخوازە تیرۆریستەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراق، لەڕێگەی ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای ورمێوە خەریکی هاتنە نێو وڵات بوون؛ لە رۆژانی رابردوو بە زنجیرە ئۆپەراسیۆنێکی زیرەکانە زەبرێکی سەختیان لە لایەن هێزەکانی ئیتڵاعاتەوە لێدراوە و هەر 10 کەسەکە دەستبەسەرکراون و دەست بەسەر تەواوی کەرەستەکانی تەکنیکی، پەیوەندی گرتن و هەروەها چەکوچۆڵیاندا گیراوە".

وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران سوپاسی هاوکاری و پشتگیریی قەرارگەی حەمزەی سوپای پاسداران و بەڕێوەبەرایەتیی دادی ورمێ دەکات کە هاوکارییان کردوون و دەڵێت، "پاراستنی ئاسایشی ئێران هێڵی سوورە و رێگە نادەن ببەزێندرێت." دەشڵێت، پێشتر زۆرجار لەو بارەوە هۆشدارییان داوە بە بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی عێراق و ئێستاش جارێکی دیکە هۆشدارییان پێدەدات تاوەکو هەنگاوی پێویست بنێن بۆ نەهێشتن و دەرکردنی بەکرێگیراوانی تیرۆریست، شەڕخواز و دژبەرانی ئاسایش و ئارامی خەڵک لەو ناوچەیە. 

راگەیێندراوەکەی ئیتڵاعات لەکاتێکدایە، لە رۆژانی رابردوودا ژمارەیەک هاونیشتمانی سڤیل لە شارەکانی شنۆ، مهاباد، پیرانشار و میاندواو لە لایەن هێزەکانی ئیتڵاعات و سوپای پاسدارانەوە دەستگیرکراون.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×