شیعە لە بەشداریی كازمی لە لوتكەكەی سعودیە نیگەرانە ‏
  2022-07-14       422       

بەشداریكردنی مستەفا كازمی لە لوتكەكەی سعودیە، نیگەرانیی لای شیعەكانی عێراق دروستكردووە، پێیانوایە هەنگاوە بە ئاراستەی ئاساییكردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئيسرائيل.

ئاوێنە:  رۆژنامەوانیى سەرۆک وەزیرانى عێراق لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، ڕۆژی هەینی، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە سعودیە بەشداری لەو لوتکەیەدا دەکات کە بە بەشداریى سەرکردەى وڵاتانى کەنداو، میسر و ئوردن و ئەمریکا بەڕێوەدەچێت.

نووسینگەكەی كازمی دەڵێت، بەشدارییەكەی سەرۆک وەزیران لەو لوتکەیەدا لەسەر بانگهێشتنامەى شا سەلمان بن عەبدولعەزیز پادشاى سعودیە بووە و “لە چێوەى بەردەوامیى پابەندبوونى حکومەتی عێراقە بە پەرەپێدانى پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان”.

“لەو لوتکەیەدا پرسەکانى وزە، ئاسایشى خۆراک، ئاڵنگارییە ژینگەییەکان و هەماهەنگیی نێوان گەلانى ناوچەکە تاوتوێ دەکرێن”، وەك ئەوەی نووسینگەكەی كازمی باسیكردووە، بۆیە تەوەرە گرنگەكانی لوتكەكە و بەشدارییەكەی مستەفا كازمی، شیعەكانی نیگەران كردووە.

لەو بارەیەوە میدیا عێراقییەكان بڵاویانكردووەتەوە، زۆربەی لایەنە شیعەییەكان، بێ ئەوەی بە فەرمی هێچ بڵێن، نیگەرانن لەو بەشدارییەی مستەفا كازمی لە لوتكەكەدا، پێیان وایە ئامانجی لوتكەكە نزیككردنەوەی وڵاتانی عەرەبییە لە ئیسرائیل و ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانە لەگەڵ تەلئەبیب.

میدیاكانی سەر بە لایەنە شیعییەكان هێرشی توند دەكەنە سەر كازمی و دەوڵێن، حكومەتی كاربەرێكەر دەسەڵاتی ئەوەی نییە بڕیار لەبارەی سیاسەتەكانی عێراق و ئاساییكردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل بدات، مەترسیی ئەوەشیان نەشاردووەتەوە كە هەنگاوێكی لەو شێوەیە عێراق بكاتە مەیدانی ململانێی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان، بەو پێیەی هەنگاوێكی لەو شێوەیە دوورخستنەوەی عێراقە لە ڕوسیا و ئێران.

دوێنێ جۆ بایدن سەرۆکى ئەمریکا لە یەکەم سەردانیدا بۆ خۆرهەڵاتی نێوەڕاست گەیشتە ئیسرائیل، دواتر بڕیارە سەردانی فەلەستین بکات و پاشان لە سعودیە بەشداری لە لوتکەكەی سعودیەدا دەکات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×