تەرمی کوڕی پێشەوا قازی محەمەد لە مهاباد بە خاک دەسپێردرێ
  2022-07-14       398       

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، کۆماری ئیسلامیی ئێران رەزامەندی لەسەر ناشتنی تەرمی عەلی قازی، کوڕی پێشەوا قازی محەمەد لە شاری مهاباد دەربڕیوە.

ئاوێنە:  خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە میدیای پارتی راگەیاندووە کە کاتژمێر 09:00ی بەیانیی رۆژی دووشەممە، تەرمی عەلی قازی لە رێگەی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە دەگاتەوە کوردستان و دواتر لە رێوڕەسمێکدا بۆ شاری مەهاباد بەڕێ دەکرێ. 

ئەوەش ئاشکراکراوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەرکی هێنانەوەی تەرمی عەلی قازی لە ئەڵمانیاوە بۆ هەولێر گرتووەتەئەستۆ. 

رۆژی یەکشەممە، 10ی تەمووز، عەلی قازی تاکە کوڕی پێشەوا قازی محەمەد لە تەمەنی 89 ساڵیدا، لە شاری بۆن-ی ئەڵمانیا کۆچی دوایی کرد. 

عەلی قازی، لە ساڵی 1933 لە شاری مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان هاتووەتە دنیا. لە کاتی رووخانی کۆمار و لە سێدارەدانی پێشەوا قازی محەممەددا تەمەنی 13 ساڵ بووە. چەند ساڵێک پاش رووخانی کۆماری کوردستان رووی کردووەتە وڵاتی ئەڵمانیا و لەوێ نیشتەجێ بوو.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×