کۆمپانیایه‌كی یاسایی نێودەوڵەتی: دۆسیەی کارکردنی کۆمپانیاکانی نەوت لەهەرێم یاساییه‌
  2022-07-16       907       


کۆمپانیای (گیبسۆن دان)ی‌ تایبەت بەکاروباری یاسای نێودەوڵەتی لەئەمریکا رایگەیاند، دۆسیەی کارکردنی کۆمپانیاکانی نەوت لەهەرێم یاساییه‌. جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئەو کۆمپانیایانەی لەبواری نەوتی هەرێمی کوردستان کار دەکەن، ئەگەر بەغدا پێداگربێت لەسەر هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی نێوان کۆمپانیاکان و حکومەتی هەرێم، دەتوانن لەدادگای نێودەوڵەتی سکاڵا تۆمار بکەن.

ئاوێنه‌: ئەمرۆ شه‌ممه‌، كۆمپانیای گیبسۆن دان لەراگەیەنراوێكدا باسی لەوەكردووە، "بەلەبەرچاوگرتنی دەستوری عێراق و یاسای نەوت و غازی هەرێم، دۆسیەی كاركردنی كۆمپانیاكانی نەوت لە هەرێمی كوردستان پشت ئەستوورە بەبنەمای یاسایی، بۆیە ئەو كۆمپانیایانە دەتوانن سكاڵا لەسەر حكومەتی عێراق تۆمار بكەن، بەڵام ئەگەر كۆمپانیاكانیش سكاڵا تۆمار بكەن بەغدا رووبەڕووی كێشەی یاسایی گەورە دەبێتەوە و دەبێت ملیاران دۆلار قەرەبوو بداتەوە بە كۆمپانیاكان".

راشیگه‌یاندووه‌، "هەرێمی كوردستان لە هەموو دۆخێكدا بەشێكە لە عێراق، لەسەر عێراقیش پێویستە پابەندبێت بە یاسا نێودەوڵەتییەكانەوە، لەئێستاشدا وەزارەتی نەوتی عێراق بوەتە مایەی هەڕەشە بۆ ژینگەی كاركردنی كۆمپانیا نەوتییەكان لە هەرێمی كوردستان".

ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق دوێنێ هەینی ڕایگەیاند، "عێراق نزیكبووەتەوە لەوەی مافە مێژووییە یاساییەكانی خۆی بەدەستبهێنێت بۆ بەڕێوەبردنی تەواوی چالاكییەكانی نەوت. دواجار دانیشتنی دوایی دەستەی دادوەریی سەر بە ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی سەبارەت بە كێشەی نێوان عێراق و توركیا بەڕێوەچوو، تایبەت بە رێككەوتنی بۆری نێوان هەردوولا. دەستەكە خستنەڕووی سكاڵاكەی لە لایەن لایەنەكانەوە داخست، دوای ئەوەی گوێی لە گوتە و بەرگرییان گرت، بۆیە چیدیكە هیچ ئەگەرێك نەماوە بۆ درێژكردنەوە یان دواخستن".
 
ئه‌وه‌شی‌ وت، "پێشبینی دەكەم دەستەی دادوەری سەر بەژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی لە پاریس لە ماوەی چەند مانگێكی كەمی داهاتودا بڕیاری دوایی و یەكلاكەرەوەی خۆی بدات. ستایشی هەوڵە ناوازەكانی نووسینگەی نێودەوڵەتی راوێژكاریی یاسایی و لیژنەی یاسایی وەزارەت دەكەم بۆ بەرگریكردنیان لە مافەكانی عێراق بۆ بەڕێوەبردنی سامانی نەوتی خۆی، لەگەڵ بەرگریكردنیان بۆ ئەوەی وەزارەتی نەوت دەسەڵاتە دەستوورییەكانی بەدەستبهێنێتەوە. عێراق سوورە لەسەر بەدەستهێنانەوەی مافە رەواكانی لە سامانی نیشتمانییدا، بەپێی یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەكان". 
 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×