حەلبوسی بۆ لایەنە سیاسییەكان: پەلە بكەن لەپێكهێنانی حكومەت‌و دیاریكردنی‌ كاندیدی سەرۆك كۆمار
  2022-07-17       386       
محەمەد حەلبوسی


محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق داوا لەلایەنە سیاسییەكان ده‌كات پەلە بكەن لەپێكهێنانی حكومەت و یەكلاكردنەوەی كاندیدی سەرۆك كؤمار.

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ یەكشەممە، محەمەد حەلبوسی داوای لەسەرۆكی هێزە سیاسییەكانی عێراق‌و سەرۆكی كوتلە پەرلەمانییەكان كردووە پەلە بگەن له‌ڕێككەوتن بۆ پێكهێنانی حكومەت و یەكلاكردنەوەی كاندیدەكانی سەرۆكایەتییەكان‌و لەئاست بەرپرسیارییەتیدا بن بۆ پەڕاندنەوەی وڵات بەرەو كەناری ئارامیی.

ئەم داوایەی حەلبوسی لەكاتێكدایە بڕیارە رۆژی چوارشەممەی داهاتو یەكەم كۆبونەوەی وەرزی دووەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت.

هاوكات سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق دوێنێ شه‌ممه‌ بانگه‌وازێكی بڵاوكرده‌وه‌و تێیدا داوا له‌سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنه‌كان ده‌كات، ئاماده‌بن بۆ ئه‌نجامدانی كۆبونه‌وه‌یه‌ك له‌رۆژی دوشه‌ممه‌ (18ـی ته‌مموز) كاتژمێر 11:00ی پێش نیوه‌ڕۆ.

پێشتریش نوسینگەی محەمەد حەلبوسی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوەو ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌كرد كه‌ لەگەڵ کۆتاییهاتنی پشوی وەرزی یەکەمی پەرلەمان و جەژنی قوربان و دەستپێکی نوێی وەرزی یاسادانان داوا دەکات دۆسییەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار یەکلایی بکەنەوە.

داواشی‌ لەسەرۆکی هێزە سیاسییەکان و فراکسیۆنەکانی ناو پەرلەمان كرد بەرپرسیارێتی هەڵگرن و گفتوگۆکانیان یەکلایی بکەنەوە و هەنگاو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بنێن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×