دەستەی وەبەرهێنان: مانگی داهاتو دەست بە دروستكردنی 20 هەزار یەكەی نیشتەجێبون دەكرێت
  2022-07-19       299       

سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، ھەوڵدەدەین تا ھەفتەی داھاتو کارەکانمان بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەی دروستکردنی ٢٠ ھەزار شوقە لە ھەرێمی کوردستان تەواو بێت و لە سەرەتای مانگی داھاتو دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەكە بکرێت.

ئاوێنە: محەمەد شوکری، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان، ئەمڕۆ سێشەممە، بە میدیای رەسمی پارتی راگەیاند"ئێمە لە قۆناغی دابینکردنی زەویداین و ئەو قۆناغە لە ھەندێک شوێن زەوی دابینکراوە و لە ھەندێک شوێنیش ئۆفەری خۆمان داوەتە وەبەرھێنەران کێ باشترین پێشکەش دەکات کە ئەوە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانەو پرسی جیاکردنەوەی شوقەکان ٨٠ مەتری و ١٠٠ مەتری و ١٢٠ مەتری کە بۆ ھەر قەزاو ناحیەیه‌ک چەندبێت و بەردەوام کاری بۆ دەکەین بۆ ئەوەی تا ھەفتەی داھاتو ئۆفەری وەبەرھێنەران وەربگرین و زەویش تەرخان بکەین و سەرەتای مانگی ھەشت دەست بە جێبەجێکردنی پرۆسەکە بکەین".

محەمەد شوکری وتیشی"ھەماھەنگیمان لەگەڵ دەستەی ئامار کردوە بزانین لە ھەر قەزا و ناوچەیه‌ك چەندیان بەردەکەوێت ھەوڵیش دەدەین شوقەی زیاتر دروستبکرێت، بۆیە ھەوڵدەدەین کە زیاتر لە ٢٠ ھەزار شوقە دروست بکەین کە خەڵکێکی زیاتر سودمەند بێت".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×