وەزیری تەندروستی هەرێم دوایین ئاماری قوربانیانی تۆپبارانەكەی توركیا ئاشكرادەكات
  2022-07-20       596       

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێم دوایین ئاماری قوربانیانی تۆپبارانەكەی توركیا بۆ سەر ناوچەیەكی گەشتیاری لە سنوری زاخۆ ئاشكرادەكات و دەڵێت، هەشت گەشتیار گیانیان لەدەستداوەو 26 كەس بریندارن كە سیانیان برینەكانیان سەختە.

ئاوێنە: د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێم، كەمێك لەمەوبەر لە راگەیەندراوێكدا وتی، لە تۆپبارانەكەدا، هەشت گەشتیار گیانیان لەدەستداوە پێش گەیشتن بەنەخۆشخانە، هەمویان گەنج و منداڵ بون، چوار کچ و چوار کوڕ بون كە یەکێکیان منداڵی یەک ساڵانە.

وەزیری تەندروستی هەرێم ئاماژەی بەوەشداوە كە 26 برینداریش لە نەخۆشخانە پێشوازییان لێكراوەو سیانیان بەهۆی سەختی برینەكانیان لە مێشك و سەر، رەوانەی شاری دهۆك كراون و شەش برینداریشییان پێویستیان بە نەشتەرگەری هەیە كە لە ئێستادا بۆیان ئەنجام دەدرێت.

د. سامان بەرزنجی وتوشیەتی"لەگەڵ سەرپەرشتیاری ئیدارەو تەندروستی زاخۆ ئامادەیی تەواوی چارەسەرکردنی بریندارانمان کردوەو هەردو بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆک و هەولێرمان ڕاسپاردوە بۆ پاڵپشتیکردنی تەواوی چارەسەرکردنی برینداران و ئامادەیی بۆ هەر پێداویستیەکی پزیشکی و ئەمبوڵانس و پزیشکانی پسپۆڕ."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×