نێچیرڤان بارزانی: بەتوندی سەركۆنەی تاوانی بۆمبارانكردنی سنوری زاخۆ دەكەین
  2022-07-20       390       

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، زۆر بەتوندی سەركۆنەی تاوانی بۆمبارانكردنی ئەمڕۆی سنوری زاخۆ دەكەین و دەشڵێت: دوباره‌بونه‌وه‌ى بۆمباران و به‌رده‌واميى شه‌ڕ و پێكدادانى سوپاى توركياو په‌كه‌كه له‌ سنوره‌كان‌، ره‌تكراوه‌و قبوڵنه‌كراوه‌.

ئاوێنە: نێچیرڤان بارزانی، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"زۆر به‌توندى سه‌ركۆنه‌ى تاوانى بۆمببارانكردنى ئه‌مڕۆى سنورى زاخۆ ده‌كه‌ين كه‌ بوه‌ هۆى گيانله‌ده‌ستدانى ژماره‌يه‌ك هاوڵاتى و گه‌شتيارى سڤيلى ناوچه‌ جياكانى عيراق و برينداربونى ژماره‌يه‌كى ديكه‌يان."

ئەوەشی خستۆتەڕو"دوباره‌بونه‌وه‌ى بۆمباران و به‌رده‌واميى شه‌ڕو پێكدادانى سوپاى توركياو چه‌كدارانی په‌كه‌كه له‌ سنوره‌كان‌، به‌ته‌واوى ڕه‌تكراوه‌و قبوڵنه‌كراوه‌و ئاسايش و سه‌قامگيريى هه‌رێمى كوردستان و سنورى نێوده‌وڵه‌تيى عيراقى شێواندوه‌، هه‌روه‌ها بوه‌ته‌ هۆى چۆڵكردنى سه‌تان گوند و دێهاتى ناوچه‌كه‌."

ئاماژەی بەوەشداوە "سوپاى توركياو چه‌كدارانى په‌كه‌كه‌ ده‌بێ شه‌ڕ و پێكدادان ڕابگرن و چيتر نه‌بنه‌ هۆكارى كوشتن و وێرانكارى له‌ ناوچه‌ سنورييه‌كان و شه‌ڕو به‌ڵاى خۆيان له‌ يه‌خه‌ى خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستان بكه‌نه‌وه‌."

سەرۆكی هەرێم هەروەها وتوشیەتی"حكومه‌تى فيدراڵيى عيراقيش ده‌بێ هه‌مو ڕێكارێكى پێويست بگرێته‌ به‌ر بۆ ڕێگريكردن له‌ دوباره‌بونه‌وه‌ى ئه‌و تاوانانه‌و له‌ خاكى عێراقه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئاسايشى وڵاتانى دراوسێ نه‌كرێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×