وەزارەتی دەرەوەی توركیا راگەیەندراوێكی لەبارەی هێرشەكەی سنوری زاخۆوە بڵاوكردەوە
  2022-07-20       919       

وەزارەتی دەرەوەی توركیا لەبارەی هێرشەكەی سنوری زاخۆوە پەنجەی تۆمەت بۆ "پەكەكە" رادەكێشێت وئامادەیی خۆیشی نیشاندەدات بۆ هەر هەنگاوێك "تاوەکو راستییەکان ئاشکرا بكرێن." و دەشڵێت، داوا لە بەرپرسانی عێراق دەكەین له‌ژێر كاریگه‌ری پەكەكە لێدوان نه‌ده‌ن.

ئاوێنە: وەزارەتی دەرەوەی توركیا، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا لەبارەی هێرشەكەی سنوری زاخۆ ئاماژەی بەوەداوە كە وڵاتەكەی "دژی هەر هێرش و کردەوەیەکە کە خەڵکی سڤیل دەکاتە ئامانج" و هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە لە ئۆپەراسیۆنەكانیدا دژی پەكەكە، "زۆر بە هەستیارییەوە ئۆپەراسیۆنەکان ئەنجام دەدات بۆ ئەوەی خەڵکی سڤیل، ژێرخانی سڤیل، پێگەی مێژویی و کولتووری، سروشت پارێزراوبن."

ئەوەش لەكاتێكدایە لە هێرشەكانی ئەو وڵاتەدا لە باشوری كوردستان چەندین جار هاوڵاتی مەدەنی بونەتە قوربانی.

لەبەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەیدا، وەزارەتی دەرەوەی توركیا، پەنجەی تۆمەتی بۆ پەكەكە راكێشاوە لەبارەی ئەنجامدانی هێرشەكەو وتوشیەتی"تورکیا ئامادەیە هەمو هەنگاوێک لە هەر خاڵێک بنێت تاوەکو راستییەکان ئاشکرا دەکرێن."

 

ئەوەشی خستۆتەڕو، داوا لە بەرپرسانی عێراق ده‌كه‌ین له‌ژێر كاریگه‌ریی پەكەكە لێدوان نه‌ده‌ن و "هاریكار و هاوئاهەنگ بن بۆ ئه‌وه‌ی بكه‌رە راستەقینەکان ئاشكرا بكرێن."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×