دادگای دەستوریی تورکیا لەبەرژەوەندیی سه‌ڵاحه‌دین دەمیرتاش بڕیارێكى گرنگى ده‌ركرد
  2022-07-21       1321       


دواجار دادگای دەستوریی تورکیا لەبەرژەوەندیی سه‌ڵاحه‌دین دەمیرتاش بڕیارێكى گرنگى ده‌ركردو هه‌موو ئه‌و تۆمه‌تانه‌ى ئاراسته‌ى كرابوون، ڕه‌تكرده‌وه‌.

ئاوێنه‌: لەپێشهاتێکی نوێدا دادگای دەستوریی تورکیا هەموو تۆمەتەکانی سەر سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)ی ڕەتکردەوەو دانی بەوەدانا، دەسەڵاتی دادوەریی تورکیا پێشێلی مافەکانی ناوبراوی کردووەو لەسەر بنەمای نایاسایی تۆمەتی پشتیوانییکردنی تیرۆریان خستۆتە پاڵ، جگە لەوەی دادگا بڕیاری قەرەبووکردنەوەشی بۆ دەمیرتاش دەرکردووە.

دادگای دەستوریی تورکیا لەبڕیارەکەیدا ڕایگەیاند، بەرزکردنەوەی سکاڵا دژ بەسەڵاحەدین دەمیرتاش بەتۆمەتی بەشدارییکردن لەچالاکییەکی ساڵی 2011 کە بەشێک لەبەشداربووان دروشمیان بۆ پشتیوانییکردنی پارتی کرێکارانی کوردستان (په‌كه‌كه‌) وتۆتەوە، پێشێلکردنی مافەکانی ناوبراوە.

دادگاکە ڕونیکردۆتەوە، دەرکەوتووە کە دەمیرتاش لەڕێکخەرانی چالاکییەکە نەبووە، هەروەک بەشداریکردنیشی بەتەنها مانای ئەوەنییە کە ناوبراو بەشدارە لەجوڵەی ئەوکەسانەی چالاکیی نایاساییان ڕێکخستووە.

لەبەشێکی تری بڕیارەکەی دادگای دەستووریی تورکیادا هاتووە، "بەرزکردنەوەی ئاڵای ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان‌و دروشمەکانی پشتیوانیکردنیان لەلایەن بەشێک لەبەشداربووان لەکاتی بەشداریکردنی دەمیرتاش، پاساو نییە بۆئەوەی بڕیاری دواخستنی یەکلاییکردنەوەی داواکەی بدرێت‌و ماوەی سێ ساڵ لەژێر چاودێرییدا بهێڵرێتەوە".

جگەلەوەی دادگا بڕیاریداوە دەبێت هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە بەبڕی 13 هەزارو 500 لیرە قەرەبوو بکرێتەوە.

سەڵاحەدین دەمیرتاش لەنۆڤەمبەری لەساڵی 2016وە بەتۆمەتی پشتیوانیکردنی په‌كه‌كه‌ لەزیندانی ئەدرنەدایەو سەرەڕای ئەوەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بێتاوانی ناوبراوی سەلماندووە، بەڵام دەسەڵاتدارانی تورکیا ئامادەنین ئازادی بکەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×