محەمەد حاجی مەحمود پەیامێكی لەبارەی بۆردومانەكەی توركیا بۆ سەر زاخۆ بڵاوكردەوە
  2022-07-21       970       

محەمەد حاجی مەحمود، سه‌رۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان لەبارەی بۆردومانەكەی دوێنێی سنوری زاخۆ لەلایەن توركیاوە رایگەیاند، "بێ هەڵوێستی حكومەت و پەرلەمانی عێراقە نەیانتوانیوە لە 2003ەوە تا ئێستا رێككەوتنی 1984ی نێوان ئەنقەرەو بەغدا هەڵوەشێننەوە"و ئەوەش "سەلمێنەری ئەو راستیەیە كە عێراق پێی خۆش بوە رۆژانە بۆردومانی هەرێمی كوردستان بكرێت."

ئاوێنە: محەمەد حاجی مەحمود، ئەمڕۆ(پێنجشەممە)، لە پەیامێكدا لەبارەی بۆردومانەكەی دوێنێی توركیا لە زاخۆ، رایگەیاند، "ئەمە یەکەم جار نییە حکومەتی تورکیا هەرێمی کوردستان بۆردومان ئەکا، ماوەی 30 ساڵ زیاترە خەڵکی کوردستان بە غەدرو ناحەق ئەبنە قوربانی بۆردومانی موشەک و فڕۆکەکانی تورکیا و هەرێمی کوردستان بۆتە جێگای تەسفیە حسابی کێشەکانی ناو تورکیا و کوردستانی باکورو بەو هۆیەوە تا ئێستا زیاتر لە 400 گوندی کوردستان چۆڵ کراون و خەڵکەکەی ئاوارە بون و ڕۆژانەش خەڵکی بێتاوان و هەژار لە نێو گوند و ڕەزو باخەکانیان ئەبنە قوربانی و دەربەدەر ئەبن و ماڵ و حاڵیان وێران ئەکرێ."

ئەوەشی خستۆتەڕو"زیاتر لە 30 ساڵە کوردستان لە ڕێگای فڕۆکەو تۆپخانەوە ناو بەناو بۆردەمان دەکرێت و باجەکەشی خەڵکی کوردستان ئەیدات و هەمو دنیاش بێدەنگە لە ئاستی ئەو تاوانانە، لە کاتێکا بە بەرچاوی هەمو وڵاتان و ڕاگەیاندنەکانیانەوە خەڵکی ناوچەکە ئەبنە قوربانی و لەوەڕگاو دارستان و ڕەزو باخەکان دەسوتێن، جگە لەوەش دەست لە خەڵکی کوردستانی باشور ناپارێزن و زیاتر لە سەدان  هاوڵاتی بێتاوان بونەتە قوربانی."

سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان وتوشیەتی"ئەوەی بە ئاشکرا دیارە کوردستان بۆتە مەیدانی شەڕی نێوان تورکیاو پەکەکە، بەڵام ئەوە لە بێ دەسەڵاتی و بێ سەروبەری و لاوازی عێراق و نەبونی دەوڵەتی عێراق و بێ هەڵوێستی حکومەت و پەرلەمانە کە نەیانتوانیوە لە 2003 تا ئێستا ڕێکەوتنی 1984ی تورکیا و عێراق  هەڵوەشێنێتەوەو ڕێکەوتنی جەزائیری 1975 کە کاری ئەساسی پەرلەمانی عێراقەو سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە کە عێراق پێی خۆش بوە ڕۆژانە بۆردومانی کوردستان لە بادینان و دهۆک و هەولێر و سلێمانی و پێنجوێن و ماوەت و قەڵادزێ و چۆمان و برادۆست بکرێت."

ئەوەی جێی تێڕامان و نیگەرانییە ئەو هەمو ساڵە بەقەدەر ڕوداوی 2022/7/20 دەنگی جەماوەر و حکومەتی عێراقی نەجوڵاند و ڕاگەیاندنە نێودەوڵەتیەکان و وڵاتانی نەهێنایە قسە، پرسیارەکە لێرەدایە ..

ئاماژەی بەوەشداوە كە "ئەوەی جێی تێڕامان و نیگەرانییە ئەو هەمو ساڵە بەقەدەر ڕوداوی 2022/7/20 دەنگی جەماوەرو حکومەتی عێراقی نەجوڵاندو ڕاگەیاندنە نێودەوڵەتیەکان و وڵاتانی نەهێنایە قسە، پرسیارەکە لێرەدایە، خوێنی کورد لەو 30 ساڵی ڕابردو هەرزانترە لە خوێنی برا عەرەبەکان لە گوندی پەرخی دەرکاری سنوری زاخۆ؟"

جەختیشی كردۆتەوە كە "پێم وایە خوێنی ئەو کوردانەی بونەتە قوربانی لە 30 ساڵی ڕابردودا هێندەی ڕوداوی 7/20 ی گوندی پەرخ و ئەو ناوچە گەشتیاریانە گرنگی پێنەدراو کاردانەوەی نەبو، بۆیە بە ڕەوای دەزانین گەر بڵێین هەر تاوانێک لە کوردستانی عێراقدا بکرێت حکومەتی عێراق لێی بەرپرسیارە، ئیتر کاتی ئەوەیە کوردیش هەڵوێستەیەک لەسەر ئەوەی ڕابردو و ئێستا و داهاتو بکات."

دەقی پەیامەكە:

وەک لای هەمو لایەک ئاشکرایە لە بەرواری ۲٠۲۲/۷/۲٠ تۆپخانەکانی تورکیا ناوچەیەکی گەشتیاری ناحیەی دەرکار لە سنوری زاخۆ یان تۆپباران کرد و هەشت کەس بونە قوربانی و 22 کەس بریندار بون کە سەرجەمیان گەشتیار بون، لە کاتێکدا ئەو ناوچە گەشتیاریە زیاتر لە 1,500 گەشتیاری لێ بوە! بە داخەوە ئەمە یەکەم جار نییە حکومەتی تورکیا هەرێمی کوردستان بۆردومان ئەکا، ماوەی 30 ساڵ زیاترە خەڵکی کوردستان بە غەدرو ناحەق ئەبنە قوربانی بۆردومانی موشەک و فڕۆکەکانی تورکیا و هەرێمی کوردستان بۆتە جێگای تەسفیە حسابی کێشەکانی ناو تورکیا و کوردستانی باکور و بەو هۆیەوە تا ئێستا زیاتر لە 400 گوندی کوردستان چۆڵ کراون و خەڵکەکەی ئاوارە بون و ڕۆژانەش خەڵکی بێتاوان و هەژار لە نێو گوند و ڕەزو باخەکانیان ئەبنە قوربانی و دەربەدەر ئەبن و ماڵ و حاڵیان وێران ئەکرێ.

زیاتر لە 30 ساڵە کوردستان لە ڕێگای فڕۆکەو تۆپخانەوە ناو بەناو بۆردەمان دەکرێت و باجەکەشی خەڵکی کوردستان ئەیدات و هەمو دنیاش بێدەنگە لە ئاستی ئەو تاوانانە، لە کاتێکا بە بەرچاوی هەمو وڵاتان و ڕاگەیاندنەکانیانەوە خەڵکی ناوچەکە ئەبنە قوربانی و لەوەڕگاو دارستان و ڕەزو باخەکان دەسوتێن، جگە لەوەش دەست لە خەڵکی کوردستانی باشور ناپارێزن و زیاتر لە سەدان  هاوڵاتی بێتاوان بونەتە قوربانی..

ئەوەی بە ئاشکرا دیارە کوردستان بۆتە مەیدانی شەڕی نێوان تورکیاو پەکەکە، بەڵام ئەوە لە بێ دەسەڵاتی و بێ سەروبەری و لاوازی عێراق و نەبونی دەوڵەتی عێراق و بێ هەڵوێستی حکومەت و پەرلەمانە کە نەیانتوانیوە لە 2003 تا ئێستا ڕێکەوتنی 1984ی تورکیا و عێراق  هەڵوەشێنێتەوەو ڕێکەوتنی جەزائیری 1975 کە کاری ئەساسی پەرلەمانی عێراقەو سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە کە عێراق پێی خۆش بوە ڕۆژانە بۆردومانی کوردستان لە بادینان و دهۆک و هەولێر و سلێمانی و پێنجوێن و ماوەت و قەڵادزێ و چۆمان و برادۆست بکرێت.

بە داخەوە بۆ ئەو ڕوداوەی گوندی پەرخ ! بەڵام ئەوەی جێی تێڕامان و نیگەرانییە ئەو هەمو ساڵە بەقەدەر ڕوداوی 2022/7/20 دەنگی جەماوەر و حکومەتی عێراقی نەجوڵاند و ڕاگەیاندنە نێودەوڵەتیەکان و وڵاتانی نەهێنایە قسە، پرسیارەکە لێرەدایە .. خوێنی کورد لەو 30 ساڵەی ڕابردو هەرزانترە لە خوێنی برا عەرەبەکان لە گوندی پەرخ دەرکاری سنوری زاخۆ..؟ بەناحەق خوێنڕشتنی هەر مرۆڤێکم  زۆر لا قورسە، خوێن ڕشتنی مرۆڤ بە هەر پاساو و بیانویەک ناحەقە و نامرۆڤانەیە و دورە لە بەهاکانی مرۆڤایەتی و ئەخلاقی و ئاینی و پێم وایە خوێنی ئەو کوردانەی بونەتە قوربانی لە 30 ساڵی ڕابردودا هێندەی ڕوداوی 7/20 ی گوندی پەرخ و ئەو ناوچە گەشتیاریانە گرنگی پێنەدراو کاردانەوەی نەبو، بۆیە بە ڕەوای دەزانین گەر بڵێین هەر تاوانێک لە کوردستانی عێراقدا بکرێت حکومەتی عێراق لێی بەرپرسیارە، ئیتر کاتی ئەوەیە کوردیش هەڵوێستەیەک لەسەر ئەوەی ڕابردو و ئێستا و داهاتو بکات.

محەمەد حاجی مەحمود

۲٠۲۲/۷/۲۱

گوڵەخانە

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×