ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە سەنتەری شاری بێرمینگهام، بە ئامادەبونی ژمارەیەکی زۆری رەوەندی کوردی کە لەسەرجەم شارەکانی وڵاتی بەریتانیاوە هاتبون، ئەنجومەنی چالاکییەکانی کوردانی بەریتانیا، بەشێوەیەکی شایستەو فراوان یادی چواردە ساڵەی تیرۆرکردنی سۆرانی مامە حەمەی کردەوە .
ئاوێنە: لەمیانی بەرزڕاگرتنی ساڵڕۆژی تیرۆرکردنی سۆرانی مامەحەمەدا، ئەنجومەنی چالاکییەکانی کوردانی بەریتانیا بەتوندی ئیدانەی تیرۆرکردنی سۆران و پێشێلکردنی ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی کاری ڕۆژنامەنوسی کرد .
لە رێوڕەسمەكەدا ئامادەبووان بەجۆش و خرۆشەوە دروشمی دژ بە بکوژانی سۆران و دەسەڵاتدارێتی یەكێتی و پارتیان وتەوە.
لەبەشێکی تری مەراسیمەکەدا ئەنجومەنی چالاکیەکان جەختی کردوەوە کەوا بەردەوام دەبێت لە چالاکیەکانی و بەهەموو توانای خۆیەوە بەشێوازی مەدەنی و یاسایی ڕێپێدراو لە بەگژداچوونەوەی "ستەمکاری دەسەڵاتی کوردی" و لەسەنگەری بەرگری لە مافی خەڵکی کوردستان درێژە بە چالاکی و خەباتی خۆی دەدات.