ئاسایشی سلێمانی: ئەو پەڕەشوتەوانە دەستگیركرا كە بوە هۆی كەوتنەوەی ئاگر لە شاخی گۆیژە
  2022-07-22       726       

ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند، ئەمڕۆ(هەینی)، لە شاخی گۆیژە ئاگرێك لە پەڕەشوتێك كەوتۆتە خوارەوەو بۆتە هۆی سوتانی بەشێك لە پوش و پاوانی شاخەكە، دوای بەدواداچون، پەڕەشوتەوانەكە دۆزراوەتەوەو دەستگیركراوە.

ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە رونكردنەوەیەكدا رایگەیاند"کاتژمێر 6ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، لە شاخی گۆیژە ئاگرێک لە پەڕەشوتێک دەکەوێتە خوارەوەو بوە هۆی سوتانی بەشێک لە پوش و پاوانی شاخەکە."

ئەوەشی خستۆتەڕو"دوابەدوای روداوەکە دەستبەجێ هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی هەستان بە کاری بەدواداچونی خێراو لە ماوەیەکی کەمدا توانرا پەڕەشوتەوانەکە بدۆزرێتەوەو دەستگیربکرێت."

ئاسایش وتوشیەتی"پاش لێکۆڵینەوە دەرکەوت پەڕەشوتەوانەكە ناوی (ع. أ. أ.) لە دایکبوی ساڵی ١٩٩١و یەکێکە لە تیمی یانەی فڕۆکەوانی سلێمانی كە بەمەبەستی مەشقکردن هەستاوە بە کاری فڕین و بەهۆی گڕگرتنی کەپسولی دوکەڵی پەڕەشوتەکەی بەناچاری فڕێی داوەتە خوارەوەو ئەو ڕوداوەی لێکەوتۆتەوە."

هێمای بۆ ئەوەش كردوە"ناوبراو لە ئێستادا لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی دەستبەسەرە بەمەبەستی ئەنجامدانی ڕێکاری یاسایی بەرامبەری."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×