دوای بڕیارەکەی دادگای دەستوری، سکاڵایەکی نوێ لەدژی دەمیرتاش تۆمار دەکرێت
  2022-07-24       419       

دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا دادگای دەستووریی تورکیا بێتاوانیی سەڵەحەدین دەمیرتاشی هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلانی لە تۆمەتی پشتیوانیکردنی تیرۆر سەلماند، جارێکی تر دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە سکاڵایەکی نوێیان لەدژی ناوبراو تۆمار کردووە کە بەپێی سکاڵاکە داوای 8 ساڵ زیندانیکردنی دەمیرتاش کراوە.

ئاوێنە: بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا، لەسەر بنەمای ئەو سکاڵایەی یوکساڵ کوجامانی دۆزگەری گشتیی پێشووی شاری ئەنقەرە لەسەر هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپەی تۆمار کردووە، دەبێت دەمیرتاش رۆژی 16ی سێپتەمبەری داهاتوو لەبەردەمی دادگا ئامادە بێت.

لەناوەرۆکی سکاڵاکەدا باس لەوەکراوە کە سەڵاحەددین دەمیرتاش رەخنەی لە کوجامان گرتووە بەهۆی ئەوەی سەردانی رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیای کردووە، بەشێوەیەک دەمیرتاش بە دۆزگەری گشتیی پێشووی ئەنکەرەی وتووە: هەندێک لەسکاڵاکاران لەلایەن دەوڵەتەوە ئۆتۆمبێلی زرێپۆشیان پێدراوە، بەڵام ئەوە لە لێپرسینەوەی ئایندە نایانپاریزێت و ئەو دیارییانەی پێیان دەدرێت لەدادگاییکردن پارێزراویان ناکات.

لە سکاڵاکەدا ئاماژە بەوە کراوە، دەمیرتاش پەلاماری فەرمانبەرێکی گشتیی داوە کە بەشێوەیەکی کارا لەبەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کاردەکات، لەوەشدا سنووری بەرگریی لەخۆکردنی بەزاندووە، هەروەک لێدوانەکانی دەمیرتاش هاندانی خەڵکی بۆ خۆپیشاندان تێدابووە و لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکدا دەستاودەستی پێکراوە.

دۆسیەکە باس لەوەش دەکات، سەڵاحەددین دەمیرتاش بەتۆمەتی هەڕەشەکردن بە بەکارهێنانی هێزی ترسناکی ڕێکخراوە تاوانکارییەکان 2 بۆ  5 ساڵ زیندانی بکرێت و بەتۆمەتی بەئامانجگرتنی ئەوکەسانەی لەبەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا رۆڵیان هەبووە 1 بۆ 3 ساڵ زیندانیی بکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×